ڤایرۆسە کوشندەکە گەیشتە کەرکوک

وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند" لە پارێزگای کەرکوک چوار حاڵەتی کۆرۆنا تۆمار کرا".

 

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق رایگەیاند" دوای پشكنینی پزیشكی تایبەت و ئەنجامی پشكنینەكان، دەركەوت خێزانێك كە لەچوار كەس پێكهاتون توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بون".

 

لە بەیاننامەیەكدا وەزاتەكە ئاشكرای كردووە، ئەو خێزانە پێشتر سەردانی كۆماری ئیسلامی ئێرانیان كردوە، لەئێستاشدا سەرجەم رێكارە پێویستەكان بەپێی بنەما تەندروستیە نێودەوڵەتیەكان گیراونەتەبەر.

وەزارەتی تەندروستی داواشی لەهاوڵاتیان كردووە، بەمەبەستی خۆپارێزی رێنمایی و رێكارە تەندروستیەكان جێبەجێبكەن و خۆتان لە ترس بەدوور بگرن. 

 

هاوکات لای خۆشییەوە دكتۆر مونزیر نەعمان، لێپرسراوی بەشی نەخۆشییە گوازراوەكان له‌ فه‌رمانگه‌ی تەندروستی كەركوك، لەبارەی ئەو خێزانەوە بە (كەركوك ناو)ی ڕاگەیاندووە" ئەو خێزانە پێنج كەسن، دوو هەفتە لەشاری قوم بوون لە ئێران و هەشت رۆژە گەڕاونەتەوە. بەڵام دوێنێ دووشەممە  ٢٤ی شوبات هاتونەتە نەخۆشخانە و خراونەتە ژێر چاودێرییەوە".

 

وتیشی" وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاگاداری كردینەوە كە چوار لەو خێزانە پێنج كەسییە هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان، كە ژن و پیاوێك و دوو منداڵن".

 

لێپرسراوی بەشی نەخۆشییە گوازراوەكانی فەرمانگەی تەندروستی كەركوك ڕاشیگەیاند" لە نەخۆشخانەی كەركوك بەشێكی تایبەت بۆ كۆرۆنا كراوەتەوە و ئەو خێزانە لەوێ لەژێر چاودێریدان".

جەختیشیكردەوە لەوەی، هەموو ئەوانەی پەیوەندیی و تێكەڵاوییان لەگەڵ ئەو خێزانەدا هەیە، پێویسته‌ بخرێنە ژێر چاودێرییەوە و پشكنینان بۆ ئەنجام بدرێت. 

 

ڤایرۆسی کۆرۆنا ٣٨ وڵاتی جیهانی گرتووەتەوە و تا ئێستا دوو هەزار و ٧٠٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٨٠ هەزار و٢٣٩ کەسیش هەڵگری ڤایرۆسەکەن کە زۆرترینیان لە وڵاتی چینە.

 

 

 

 


PM:01:52:25/02/2020