بەڵگە ..سزادانی شانۆکارانی گەرمیان راگیرا

وەزیری رۆشنبیری هەرێم سزادانی شانۆکارانی " "گرووپی ئەستێرەکانی لە کەلار" راگرت.


ئەمڕۆ وەزیری رۆشنبیری حەمەی حەمە سەعید بەفەرمانێکی وەزاری ئەو سزایەی راگرت کە بەڕێوەبەرێکی گشتی دژی ژمارەیەک شانۆکاری گەنجی کەلار دەریکردبوو، کە سزای سڕکردنی ساڵێکی بۆ دەرکردبوون.

 
بەپێی ئەو نوسراوە فەرمییەی وەزیری رۆشنبیری دەریکردووە لەگەڵ راگرتنی سزاکەدا، چاوڕەوانی هەڵسەنگاندنی لیژنەیەکی پسپۆر دەکەن تا دوا بڕیاری لەو بارەیەوە بدرێت.

 
هەر دوای سڕکردنی گرووپی ئەستێرەکان لە کەلار ژمارەیەک رۆشنبیر و چالاکوانی دژی ئەو بڕیارە وەستانەوەو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەتوندی ئەم کارەیان مەحکوم کرد، لەوانەش نوسەر (هونەر تۆفیق) لە نامەیەکی کراوەدا  بۆ وەزیری رۆشنبیری داوا دەکات وەزیر ئەو فەرمانە رابگرێت وبەرامبەر ئەوە ئەو بەڕێوەبەرە گشتیە سزا بدرێت.

 
لە نامەکەدا هونەر تۆفیق دەڵێت "بەڕێز جەنابی وەزیر ، لەبەر ئەوەی ئیدارەی رۆشنبیری ئەم هەرێمە لە ئەستۆی ئێوەیە..ئاگادارن کە مدیر عامێکت لە ئیدارەی گەرمیان لەسەر هاوڕانەبوونی لەگەڵ دەقێکی شانۆیی ، سزای ساڵێک سڕکردنی ئەو گەنجە هونەرمەندانەی داوە !! قەرارێکی فەوری دەرکردووە لەدژی فەرهەنگ و رۆشنبیری ."

 
ئەو نووسەرە دەڵێت "داواکارم بەڕێزیشتان لەپێناو پاراستنی شکۆی فەرهەنگی کوردیدا ، ئێوەش قەرارێکی سەوری و فەوری دەربکەن بە سزای سڕکردنی ئەو مدیرعامە بۆ ماوەی ساڵێک . لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی سزاکەی بەسەر ئەو گروپی شانۆیەدا ، ماوەی سزای سڕکردنەکەی ئەویش تەواوببێت" .

 


PM:08:38:25/02/2020