حکومەتی تورکیا لە بەرنامەیدایە قونسلخانەیەک لە پارێزگای سلێمانی بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش هەفتەی رابردوو قونسڵی تورکیا لەهەولێر سەردانی سلێمانی کرد.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە هەفتەی رابردوو قونسڵی تورکیا، هاکان کاراچای، سەردانی سلێمانی کردووە بەمەبەستی کارکردن بۆ دانانی ئەو قونسڵگەریە.
" سپی " زانیوویەتی قونسڵگەری تورکیا لە سلێمانی نزیکەی ٩٠ فەرمانبەر دادەمەزرێنێت و چەند ڤێلایەکیش لە سلێمانی دەکڕن بۆ ئەوەی بیکەن بە بینای قونسڵ.
ئەوە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا دوای تێکچوونی پەیوەندیەکانی نێوان یەکێتی و تورکیا لەسەر رفاندنی دوو بەرپرسی میتی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٧دا لەناوچەکانی سلێمانی لەلایەن پەکەکەوە، نوێنەرایەتی یەکێتی لە ئەنقەرە داخراو، نوێنەرەکەی کە بەهرۆز گەڵاڵیە لە ٢٣/٨/٢٠١٧ نێردرایەوە بۆ کوردستان و لەو دەمەوە چەندان وەفدی یەکێتی بە ئاشکراو نهێنی کە لەنێوایاندا سەرۆک کۆماری عێراق چەندجارێک بەفەرمی چۆتە ئەو وڵاتە، بەڵام رێگا نەدراوە نوێنەرایەتی ئەو حیزبە لە ئەنقەرە سەرلەنوێ بکرێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی " سپی " تورکیا ژمارەیەک بارەگای میت و ئیستخباراتی عەسکەری و قونسڵی لە هەولێر و ناوچەکانی ژێر هەژموونی پارتی هەیە، بەڵام لە سلێمانی کە لەژێر هەژموونی یەکێتیدایە، تەنها نووسینگەیەکی پێدانی فیزەو، بارەگایەکی میت و، بارەگایەکی ئیستخباراتی عەسکەری هەیە.