ئەو خۆراکانە کامانەن بەرگری لەش بە هێزدەکەن
خواردنی خۆراكی تەندروست و دەوڵەمەند بە ڤیتامین و كانزاكان یارمەتیدەرە بۆ پارێزگاری لە سیستمی بەرگری لەش بۆئەوەی رۆڵی خۆی بە باشی بگێڕێت.
ئەو خۆراكانە دەبنە پارێزگارییكردن لە بەهێزی كۆئەندامی بەرگری و چالاكبوونی و وادەكات لەش جۆرێك لە خۆپارێزی بەرامبەر وەرەمی شێرپەنجەیی و پەتا ڤایرۆسیەكان دروستبكات.
بەپێی راوبۆچوونی پسپۆڕان هەندێك خۆراك هەیە كە دەبنە هۆی پتەوبوونی بەرگری لەش و دووركەوتنەوە لە هەندێك نەخۆشی ئەوانیش:
هەنگوین: سەرچاوەیەكی گرنگی دەستكەوتنی وزەیە و بەكاردەهێنرێت وەك دژە هەوكردن و دژە ڤایرۆس و سەرمابوون و بەسوودە بۆ پتەوكردنی بەرگری لەش.
* ماسی: جۆرێكی تایبەتمەندی ترشەڵۆكی چەوی تێدایە بە ناوی ئۆمیگا سێ و بەسوودە بۆ پتەوكردنی خڕۆكە سپییەكانی خوێن كە سیستمی بەرگری بەهێز دەكات.
* مریشك و قەل: دەوڵەمەندن بە ڤیتامین بی 6 كەئەو ڤیتامینە رۆڵی گرنگی هەیە لە كارلێكە كیمیاییەكانی لەش و گرنگە بۆ پارێزگاری لە تووشبوون بە نەخۆشی.
* زەنجەبیل: یارمەتیدەرە لە كەمكردنەوەی هەوكردن و گێژبوون و ئازاری درێژخایەن و هەروەها تایبەتمەندێتی هەیە بۆ كەمكردنەوەی رێژەی كۆلیسترۆڵ.
* بادەم: ڤیتامین ئی تێدایە كە بە كلیكی سیستمی بەرگری لەش دادەنرێت و پڕە لە ڤیتامین و چەوری تەندروست و رێگرییدەكات لە سەرمابوون و بەرەنگاربوونەوەی پەتا و نەخۆشكەوتن.
* چای سەوز: ماددەی فلافونویدی دژە ئۆكسانی تێدایە و رێژەیەكی بەرزی ئیبیگالوكاچین گالیت (EGCG) ی تێدایە كە یەكێكە لە دژەئۆكسانە بەهێزەكان و دەبێتە هۆی پتەوبوونی بەرگری لەش و دروستكردنی دژەتەنی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆس و بەكتریا.
* سەوزەوات: كەلەرم و كاهوو و شێلم برێكی زۆر ماددەی چالاکكەر و بە سوودی بۆ پتەوكردنی كۆئەندانی بەرگری تێدایە، هەروەها ماددەی دژەئۆكسانی تێدایە و دەوڵەمەندە بە ڤیتامین و كانزا و ڕیشاڵەكان.
* مزرەمەنییەكان: دەوڵەمەندن بە ڤیتامین سی و دژە ئۆكسان و یارمەتی بەهێزبوونی كۆئەندامی بەرگری لەش دەدات و یارمەتیدەرە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتا و چالاككردنی سیستمی بەرگری و بەرەنگاربوونەوەی وەرەمی شێرپەنجەیی.
* سیر و پیاز: دەوڵەمەندن بە كبریت و پێكهاتەی دژە ئۆكسان و كانزای سیلینیۆم و ئەوەش وادەكات وەك چالاكەرەوەی سیستمی بەرگری لەش دابنرێت، بەوە ناسراون كە توانای بەرەنگاربوونەوەی پەتا و نەخۆشی و ڤایرۆس و بەكتریایان هەیە.
* برۆكلی: دەوڵەمەندە بەڤیتامین و كانزاكان بە تایبەت ڤیتامینەكانی ئەی و سی و ئی لەگەڵ زۆرێك لە ریشاڵەكان و مەوادی دژەئۆكسان.
*سپیناخ: دژەئۆكسان و ماددەی بیتا كارۆتینی تێدایە و دەبێتە هۆی زیادبوونی توانای بەرەنگاربوونەوەی پەتا و پتەوبوونی كۆئەندامی بەرگری لەش.
* بیبەری سوور: ڤیتامین سی تێدایە و سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندی بیتا كارۆتینە، یارمەتیدەرە بۆ پتەوكردنی سیستمی بەرگری و پارێزگاری لە تەندروستی پێست دەکات.
PM:02:13:26/02/2020