فازڵ میرانی: هەر کوردێک کاندیدی ئێمە نەبێت و لە کابینەکەی عەلاوی ببێتە وەزیر خراپتر له‌ تەها محێدین سه‌یری دەكه‌ین

فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان باس لە مەرج و داواکاری کورد دەکات بۆ بەشداری کردن لە کابینەی نویی حکومەتی عیراقی و بژاردەکانی بەردەم کورد، هەروەها دەشڵێت" هەرکوردێک لەکابینەکەی عەلاوی ببێتە وەزیر بێ ئەوەی لایەنە کوردییەکان و حکومەتی هەرێم کاندیدی بکات ره‌نگه‌ خراپتر له‌ (تەها محێدین) سه‌یری بكه‌ین".

فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند" من وه‌ك پارتیه‌ك قسه‌ ناكه‌م به‌ڵكو وه‌ك كوردستانیه‌ك قسه‌ ده‌كه‌م، عه‌لاوی وا ده‌زانێت له‌ مه‌ریخه‌وه‌ هاتووه‌، نازانێت ئه‌سڵه‌ن، عیراق وڵاتێكه‌ له‌ساڵی ١٩٥٨وه‌ له‌سه‌ر سێ كوچكه‌كه‌ی سونه‌ و شیعه‌ و كورد دروست بووه‌ كه‌ عه‌بدولكه‌ریم قاسم هاتووه‌ته‌ سه‌ر حوكم، محەمەد نەجیب روبەیعی سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی، سونی بووه‌، محەمەد مه‌هدی كوبه‌ شیعه‌ بوو، خالید بن نەقشه‌به‌ندی كورد بووه‌".

وتیشی" ئه‌م هه‌موو حزبانه‌ خه‌باتیان كردووه‌ به‌تایبه‌تی ئێمه‌ی كورد شۆڕشمان كردووه‌، دنیایه‌ك شه‌هیدمان داوه‌، ئه‌كرێ ئه‌مڕۆ حه‌قی ئه‌وه‌مان نه‌بێ وه‌ك كیانێكی فیدڕاڵی ‌كاندیدی خۆمان دابنێین كه‌ نوێنه‌رایه‌تیمان بكات له‌ عیراق؟! له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌مه‌ ره‌تكراوه‌یه‌ لای نه‌ك هه‌ر ئێمه‌ به‌ڵكو لای ته‌واوی هێزه‌كانی عیراق له‌ شێوازی مامه‌ڵه‌ی عه‌لاوی رازی نیین، هه‌ندێكیان بێ ده‌نگن، هه‌ندێكیان قسه‌ ده‌كه‌ن، هه‌ندێكیان له‌وانه‌یه‌ رازی بن، به‌ڵام له‌ڕاستیدا، ئه‌و ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌مان بۆ قبوڵ نه‌كات له‌به‌رامبه‌ریشدا ئێمه‌ش ئه‌ومان (عەلاوی) قبوڵ نی یه".

سەبارەت بەوەی ئەگەر کورد بەشداری حکومەتی عیراقی نەکات چی دەکات؟ فازڵ میرانی دەڵێت" زۆر شت ده‌توانین بكه‌ین، ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ كورد بێ ده‌سه‌ڵات بێت تا ئێستا چوار کودەتای سەربازی لە عیراقدا كراوه‌، ئه‌مه‌ی عەلاوی دەیکات کودەتای پێنجه‌مه‌، به‌ڵام به‌رگێكی سیاسی له‌به‌ر كردووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌موو پێكهاته‌كانی عیراق به‌ كورد و عه‌ره‌ب و توركمان و ئه‌رمه‌نه‌وه‌ چیتر رازی نیین حوكمێكی شمولی جا قەومی بێ یان تائیفی بێ هه‌رچیه‌ك بێت قبوڵ بكرێت، گەلی عیراق چیتر ناچێته‌به‌ر حوكمێكی شمولی ئه‌مه‌مان قبوڵ نیە".

میرانی ئاماژەی بەوەشکرد" له‌ بڕیاری ده‌ركردنی هێزەبینایەکان و هێزەکانی ئەمریکا ته‌نها ده‌نگی شیعه‌ بوو، كوردو سوننه‌و پێكهاته‌كانی تر به‌شدار نه‌بوون بەڵام ئەوەتا بڕیارەکە جێ بەجێ نەکرا حکومەتی بەتەنها شیعەش هەروای لێدێت".

هەروەها لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کورد دەتوانێت چی بکات ئەگەر بەشداری حکومەتی نوێی عیراقی نەکرد بژاردەکانی بەردەمی چی-ن؟ فازڵ میرانی وتی" ده‌توانین له‌م حكومه‌ته‌ به‌شدار نه‌بین، به‌ڵام ئێمه‌ داوای هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختەی لێ ده‌كه‌ین، رووبەڕووی گەندەڵی ببێتەوە و ئه‌وانه‌ی خۆپیشانده‌رانیان كوشتووه‌ بیگرن و بیده‌ن به‌دادگا، دنیایەیەک بەڵێنی له‌سه‌رخۆی داناوه‌، لەلایەکی ترەوە مومكین نیه‌ له‌م وڵاته‌ حوكمی یه‌ك قه‌ومی یه‌ك تایفی به‌ڕێوه‌ بچێت لە عیراق، كورد میلله‌تی دووه‌مه‌ له‌ عیراقدا، ئێمه‌ فیدڕاڵییه‌كی ده‌ستوریمان هه‌یه‌، هەروەها سوننه‌ پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كییه‌، توركمان و ئاشوری پێكهێنه‌رێكن ناكرێ حوكمه‌ت سه‌ركه‌وتوو بێت، به‌ڕێوه‌بچێت به‌بێ ئه‌م پێكهاتانە". ‌

فازڵ میرانی روونیکردەوە: بژاردەکانی به‌رده‌م كورد یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ داوای مافه‌ ده‌ستووریه‌كانی خۆمان ده‌كه‌ین، دووه‌میان وه‌ك عیراقی ئێمه‌ به‌شداری له‌گه‌ڵ هێزه‌ عیراقیه‌كان ده‌كه‌ین داوای ئاسایش و سەقامگیری و بنیادنانەوە و ئاوەدانکردنەوەی عیراق دەکەین، ئه‌م حوكمه‌ته‌ 2003 وه‌ هیچی نه‌كردووه‌ به‌سه‌دان ملیار دۆلاری عیراق سه‌رف بووە.

 

ڕاشیگەیاند" عه‌لاوی خۆی كاندیدی دوو حزبه‌ و ده‌ڵێ نوێنه‌ری حزبه‌كان قبوڵ ناكه‌م، خۆی كاندیدی لیستی فه‌تح و سائیرونه‌، ئێمه‌ كاندیدی خۆمان به‌ناوی كاندیدانی هه‌رێمی كوردستان پێش كه‌ش ده‌كه‌ین، ئێمه‌ هه‌رێمیكین فیدڕاڵیین، ئێمه‌ حزبێك نیین له‌به‌غدا دانیشتبیین، یه‌كه‌م ئێمه‌ میلله‌تێكین نه‌ته‌وه‌ی دووه‌مین له‌ عیراق، دووه‌م ئێمه‌ فیدڕاڵیه‌كی ده‌ستوریین، ئه‌وه‌ی حیسابمان بۆ نه‌كات، ئێمه‌ش نه‌ هاوكاری ده‌بیین و نه‌ حسابی بۆ ده‌كه‌ینه‌وه‌. ئێمه‌ نابیینه‌ ئۆپۆزیسییۆن، چونكه‌ ئێمه‌ شه‌ریكی ئه‌م وڵاته‌ین، به‌شێكین له‌ عێراق و ئێمه‌ فیدڕاڵیمان هه‌یه‌، ئێمه‌ داوای مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی خۆمان ده‌كه‌ین، ئێمه‌ حزبێك نیین به‌ڵكو ئێمه‌ كیانێكی ده‌ستوریین و ئێمه‌ میلله‌تێكیین".

میرانی وتیشی" كورد یه‌ك ده‌سته‌ و یه‌ك رایه‌ هه‌م ئه‌و شانده‌ی چووه‌ و كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی گۆڕاوه‌ و وه‌زعی عیراق گۆڕاوه‌ هه‌م جوگرافی و هه‌م سیاسی، ئێمه‌ دوا بڕیارمان نه‌داوه‌ به‌ڵام یه‌ك هه‌رێمی كوردستان مافی ده‌ستوری خۆی ده‌وێ. دووه‌م ئه‌و شێوه‌ی عه‌لاوی ده‌ستی پێكردووه‌ نه‌ك هه‌رێم به‌ سوننه‌ و شیعه‌ و كورده‌وه‌ پێی رازی نیین، له‌به‌رئه‌وه‌ ئێمه‌ ناتوانیین له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ بگونجێین، عیراق له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌دایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌من و ئیستقرار هه‌بێ".

سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرایكرد" ئێمه‌ وه‌ك لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كان شاندێكی تازه‌ ده‌نێرینه‌وه‌ بۆ به‌غدا له‌گه‌ڵ ئه‌م پێكهێنه‌رانه‌ی تری عیراق قسه‌ بكه‌نه‌وه‌. سێیه‌م حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌نها لایه‌نه‌ بتوانێ كاندیده‌كانی خۆی ده‌ست نیشان بكاته‌وه‌ بۆ به‌شداری له‌ حكومه‌ت".

میرانی رەتیکردەوە کورد ببیتە ئۆپۆزسیۆن لەکابینەی نوێی حکومەتی عیراقی و وتی" ئێمه‌ مافی ده‌ستوریمان هه‌یه‌، به‌ڵام ئێمه‌ نابیینه‌ ئۆپۆزیسییۆن، مامەڵە جیاوازی هەیە لەگەڵ دانپێدانان، دەبێت ئه‌م پرسیاره‌ له‌ عیراق بكه‌ین ئایا هاوڵاتی هه‌رێمی كوردستان عیراقیین یان نا؟ ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كوردانه‌ ناكه‌ین كه‌ ئه‌وان له‌جیاتی ئێمه‌ دای بنێین، ئه‌وانه‌ ناتوانن نوێنه‌ری كورد بن، ئه‌وانه‌ ده‌توانن بۆ خۆیان فەرمانبەر بن، به‌ڵام به‌نوێنه‌ری ئێمه‌ قبوڵیان ناكه‌ین".

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان جەختیکردەوە، هەرکوردێک لەکابینەکەی عەلاوی ببێتە وەزیر بێ ئەوەی لایەنە کوردییەکان و حکومەتی هەرێم کاندیدی بکات ره‌نگه‌ خراپتر له‌ (تەها محێدین) سه‌یری بكه‌ین.

میرانی ئەوەشی وت" عیراق ئه‌و عیراقه‌ نیه‌ كه‌ بتوانێت بە ئارەزووی خۆی هه‌رچی بیه‌وێت بیكات نه‌ له‌ رووی ئابورییەوە نه‌ له‌ رووی ئه‌منیه‌وه‌، دووه‌م ئه‌مڕۆ عیراق ئەندامە لەهاوپەیمانی نێوده‌وڵه‌تی، هه‌موویان چاویان له‌سه‌ر عیراقه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ عیراق ناتوانێت به‌جۆرێكی ناته‌ندروست مامەڵە له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی ئه‌م وڵاته‌ بكات".

سەبارەت بەوەی ئەگەر کورد بەشداری حکومەتی عیراقی نەکات چەندە کوردستان لەبەردەم هەڕەشەی موچەبڕینی فەرمانبەران و بەشە بودجەی هەرێمە؟ فازڵ میرانی بەم جۆرە وەڵامی دایەوە و دەلێت" ئایا ئێمه‌ شۆڕشمان كردووه‌ و "یه‌ك دنیا شه‌هید-مان" داوه‌ بۆ مووچه‌ یان بۆ مه‌سه‌له‌یه‌كی نەتەوەیی؟! بۆ كیانێكی قه‌ومی خه‌ڵك رێگای خۆی ده‌گرێته‌به‌ر مالیكیش مووچه‌ی بڕی وای بیردەکردەوە كه‌ میلله‌تی ئێمه‌ دژی ئێمه‌ هه‌ڵده‌ستن‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ مامۆستا به‌بێ مووچه‌ وانەی وته‌وه‌ و هه‌موو فەرمانبەران دەوامی خۆیان کرد، ته‌نانه‌ت پێشمه‌رگه‌ به‌بێ مووچه‌ له‌ ئەرکی خۆیاندابوون، له‌بەر ‌ئه‌وه‌ ناتوانێت هەڕەشەی ئابووری لە ئێمە بکات، ئێمه‌ فێربووین".

ئاماژەی بەوەشکرد" میلله‌تی كورد میلله‌تێكی ئازایه‌و میلله‌تێكی خۆڕاگره‌ و ناخۆشیه‌ك كه‌ مرۆڤ لەگەڵی راهات مەسەلەکە تەنها ئیرادەیە، به‌رگری ده‌كه‌ین و دەبێت ئه‌وان بزانن كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ئەنجومەنی ئاسایش و پرەنسیبی دەستوەردانی مرۆیی لەیاسای نێودەوڵەتیدا هه‌یه‌، چیتر ئه‌وه‌ بۆ هیچ حكومه‌تێك ناچێته‌سه‌ر وابه‌سه‌ر میلله‌تی خۆی بهێنێ، دوو شت هه‌یه‌ هێزی لۆژیکی و لۆژیکی هێز، لۆژیکی هێز ئه‌وانه‌ن كه‌ دەسەڵات به‌كار دەهێنن، هێزی لۆژیکی-ش ئێمه‌ین كه‌ میلله‌تێكین حه‌قمان هه‌یه‌ داوای مافی خۆمان بكه‌ین تا بكرێت به‌ ئاشتی، هه‌ڕه‌شه‌مان لێكراوه‌ بەرگریش مافی رەوای خۆمانە".

میرانی دەشڵێت" ئاگامان له‌ خه‌ڵكی خۆمان هه‌یه‌، ته‌جربه‌ی رابردووی بێ مووچه‌ییمان بینی، خه‌ڵكی ئێمه‌ له‌ ئێمه‌ هه‌ڵنه‌ستاوه‌، ئێستاش ئه‌گه‌ر بێ مووچه‌یی بمێنیین، حکومەتی عیراق به‌ ئه‌نقه‌ست وا بكات، من وای بۆ ناچم ناكه‌م میلله‌تی كورد ته‌سلیمی ئیراده‌ی ناحه‌زانی كورد بێت".

فازڵ میرانی لەکۆتایی وتوێژەکەدا رەخنەی لەو پەرلەمانتارە کوردانەی دەروەی پارتی و یەکێتی دەگرێت کە پارتی و یەکێتی بەوە تۆمەتباردەکەن جەخت لەسەر وەرگرتنی پۆستی وەزارەت دەکەنەوە، وتی" من لەکۆبونەوەی لایەنە سیاسیەکان لەسەرۆکایەتی هەرێم باسی ئەو بابەتەمکرد و وتم به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێك له‌ نوێنه‌ری حزبه‌كان ده‌ڵێن ئێمه‌ له‌ به‌غدا مووچه‌ و بودجه‌مان دابین كردووه‌، پارتی و یه‌كێتیش ماون له‌پێناو دابینکردنی پۆستی وەزارەت بۆخۆیان. وتم ئه‌گه‌ر پارتی و یه‌كێتی نه‌بێت نه‌ ئێوه‌ مووچه‌ وه‌رده‌گرن و نه‌كه‌سیش رێزتان لێ ده‌گرێت".

 


ئه‌م بابه‌ته ‌1024 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:12:04:27/02/2020