وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە

 بۆ رێگریكردن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی سێ خاڵیدا کە  واژۆی رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی لەسەرە، كۆمه‌ڵێك رێنمایی ده‌داته‌ هاووڵاتیان و داوای لێ ده‌كات، پابه‌ندی رێنماییه‌كانی خۆپاراستن بن.

 

لە خاڵی یه‌كه‌مدا" داوا له‌ هاوڵاتیان كراوه‌ بۆ خۆپاراستن له‌ په‌تای كۆرۆنا ره‌چاوی رێنمایی و بڕیاره‌كانی حكومه‌ت بكه‌ن".

له‌ دووه‌م خاڵی به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌" داوا له‌ هاوڵاتیان و دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین، هاتوچۆكردن له‌ نێوان شاره‌كانی هه‌رێم كه‌م بكه‌نه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراقیش تا ده‌توانن هاتووچۆ نه‌كه‌ن".

لە خاڵی سێیه‌می به‌یاننامه‌كه‌ش تایبه‌ته‌ به‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی کوردستان و ئاماژە بەوەکراوە" سه‌باره‌ت به‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان، به‌ تایبه‌ت پارێزگای كه‌ركووك، داوا له‌ هه‌موو هاووڵاتیان ده‌كه‌ین ره‌چاوی رێنماییه‌كانی خۆپاراستن له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا بكه‌ن".

 


PM:09:38:27/02/2020