" دەوامی فەرمانبەران كەمكرایەوە "

بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بە بڕیاری سەرۆكایەتی پەڕلەمانی كوردستان، دەوامی فەرمانبەران بۆ ماوەی دوو كاتژمێر كەمكرایەوە و بڕیاریش درا بە بەكارنەهێنانی ئامێری پەنجەمۆر.

بەپێی نووسراوێكی بەڕێوەبەرایەتی كارگێڕی و خۆیەتی پەڕلەمانی كوردستان، كە ڕۆژی ٢٦ی ئەم مانگە دەرچووە و واژۆی سەرۆكی دیوانی پەڕلەمانی لەسەرە، ئاماژە بەوەدراوە، كە دوای كۆبوونەوەی دەستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمان لەگەڵ دیوان سەبارەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆیە بۆ پاراستنی سەلامەتی فەرمانبەران بڕیاردرا بە كەمكردنەوەی دەوام بۆ كاتژمێر ١ی نیوەڕۆ.

هەر بەپێی نووسراوەكە، بڕیار دراوە بە داخستنی كافتریا و بەكارهێنانی پێداویستی سەفەری بەشێوەی كاتی و ڕاگرتنی هاتنی میوان بۆ باڵەخانەی پەڕلەمان بەشێوەی كاتی.

هاوكات بڕیار دراوە بە بەكارنەهێنانی ئامێری پەنجەمۆر لەلایەن فەرمانبەرانەوە بەشێوەیەكی كاتی. 


PM:02:56:28/02/2020