هه‌شت هاوڵاتی كورد لە سنە سزای ١٠ مانگ زیندانی و لێدانی قامچیان به‌سه‌ردا سه‌پێندرا

هەشت هاوڵاتی کە لە خۆپێشاندانەکانی خەڵکی سنە بە مەبەستی شەرەمەزارکردنی هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەستبەسەر کرابوون، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای بەندکران و لێدانی قامچییان بە سەردا سەپێندرا.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی رۆژانی رابردوودا، لقی ١٠٤ی دادگای تاوانەکانی دووی شاری سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر ئومیدی، هەشت هاوڵاتی بە تۆمەتی (تێکدانی ئاسایشی گشتی کۆمەڵگا لە رێگای بەشداری کردن لە کۆبوونەوەی نایاسایی) سەرجەم بە ٨٠ مانگ بەندکران له‌گه‌ڵ لێدانی ٥٩٢ قامچی سزادراون.

هەنگاو ئاشکراشیکردووە، بە پێی سزاكه‌، محەمەد شەهباسی کوڕی خوسرەو (خەڵکی سەمیرەمی ئیسفەهان)، فەرهاد تاریمورادی، ئەحمەد مورادی، رەزا رەجایی، خەڵکی ئیسفەهان، پوریا فەیزی، فواد قەهرەمانی، فواد عەنایەتی و ئیبراهیم ئاقایی، هەرکامەیان سزای ١٠ مانگ بەندکران و لێدانی ٧٤ قامچییان بە سەردا سەپاوە.

ئەو هەشت هاوڵاتییە لە کاتی بەشداری لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتیەکانی ساڵی رابردووی شاری سنە کە بۆ شەرمەزارکردنی هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان پێک هاتبوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.


AM:09:55:29/02/2020