مەسرور بارزانی لەسەر مووچەو سەردانەکەی بۆ ئۆردون زانیاری دەدات

 سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە ئێستا بە سەردانێکی فەرمی لە عەممانی پایتەختی ئوردنە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەسەر سەردانەکەی و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و پرسی پێکهێنانی حکوومەتی عێراق زانیاری دەخاتەڕوو.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەی بۆ ئوردن، لەسەر کۆمەڵێک پرس بۆ رۆژنامەنووسان قسەیکردو لە نێویدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، ڕایگەیاند" قسەم لەگەڵ فوئاد حوسێن وەزیری دارایی عێراق کردووە، دیارە بەڕێوەبەرێکی گشتی خۆی نەیویستووە واژوو لەسەر بڕیارەکە بدات هەرچەندە وەزیری فەرمانی پێکردووە بەڵام دیارە تێگەیشتنێکی وەها لای ئەو بەرێوەبەرە نەبووە و پێیوابووە کە خۆی دەتوانێ ناردنی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان ڕابگرێ، لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق قسەمان کردووە و بەڵێنی داوە کە مووچە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێ".
 
هەروەها دەشڵێت "بابەتی مووچە پەیوەندی بە بابەتی نەوت و پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغداوە نییە ئەمە بابەتێکە مافێکی دەستووری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە و نەناردنی پێشێلکردنی ئەو مافە دەستوورییە".


سەبارەت بە ئامانجی سەردانەکەی بۆ ئۆردون وتی"پەیوەندییەکی دوور و درێژمان هەیە لەگەڵ وڵاتی ئوردن هەر لە سەردەمی بارزانی نەمر لەگەڵ خوالێخۆشبوو خاوەنشکۆ مەلیک حوسێن و پاشان لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە لەگەڵ خاوەنشکۆ مەلیک عەبدوڵڵا، ئێستاش ئەو پەیوەندییە هەر بەردەوامە و ئێمە پەیوەندییەکی ستراتیژیی قوڵمان هەیە لەگەڵ ئوردن و لەهەموو کات و ساتێکدا هاوکار و پشتیوانی یەکتر بووین، لە شەڕی داعشیش یارمەتییەکی زۆری پێشمەرگە و خەڵکی کوردستانیاندا، هەروەها وەکو دراوسێی عێراق ئێمە گرنگییەکی زۆر بە پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە دەدەین لەگەڵ ئوردن".
 
هەروەها وتیشی "پێمانوایە دەتوانین هاوبەش و شەریکی باش بین بۆ پێشخستنی بازرگانی و کەرتی ئابووریش لە کوردستان، ئەوانیش گرنگن و گرنگی بەو بابەتە دەدەن ، هەروەها لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیش ئوردن وەکو وڵاتێکی سەقامگیر هاوکارێکی زۆری هاوپەیمانانیش بووە لە شەڕی دژی تیرۆریزم و داعش و لەگەڵ ئێمەش ئەو هاوکارییانە بەردەوام بووە و ئەمە بۆ سوپاسکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانمان بووە".
 
دەربارەی پێکهێنانی کابینەی تازەی حکوومەتی عێراق، مەسرور بارزانی رایگەیاند "ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە کوردستان قەوارەیەکی دەستووریی هەیە و بەشێکی حکوومەتێکی فیدڕاڵییە و ئەم قەوارە دەستوورییە دەبێ ڕێزی لێ بگیرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەتیش یەکێک لەو بابەتانەی کە ئێمە بەردەوام جەختمان لێکردووەتەوە ئەوەیە کە حکوومەتی داهاتووی عێراق دەبێ رێز لەو قەوارەیە سیاسییە بگرێت، ئەمە بنەمایە بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا".
 
 


PM:09:41:01/03/2020