" حکومەتی هەرێم پارەی هەیە، بەڵام بۆ موچەی فەرمانبەران نادات؟ "

كازم فاروق، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "فەیسبووک" لە نوسینێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە" هەرێم رۆژانە زیاتر لە نیو ملیۆن بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، کە مانگانە داهاتی ئەم نەوتە زیاتر لە ٧٣٠ ملیۆن دۆلارە (کە دڵنیام پارەکە زۆر لەمە زیاترە چونکە نەوتێکی زۆر بە قاچاخ و تەنکەر و نایاسایی دەفرۆشرێت)، هەروەها داهاتی ناوخۆ مانگانە نزیکەی ٣٠٠ ملیۆن دۆلارە".

کازم فاروق لە نوسینەکەیدا دەشڵێت" ئەمە جگە لە داهاتی نەوتی قاچاخ، وە جگە لە داهاتی پاڵاوتگەکان، وە جگە لەو پارەیەی کە ھاوپەیمانان دەینێرن و ٤٥٢ ملیار دینارەی کە بەغدا دەینێرێت".

ڕاشیگەیاند" باشە حکومەتی هەرێم مانگانە ئەو هەموو پارە و بودجەیەی هەیە، بۆ موچەی فەرمانبەران نادات؟؟ بۆ چاوەڕێی پارەی بەغدادە لە کاتێکدا خۆی مانگانە زیاتر لە موچەی فەرمانبەرانی دەست دەکەوێت".

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ وتیشی" لە سێ بەش، دوو بەشی داھاتی نەوت دەدزرێت و دیارنامێنێت و ناچێتەوە خەزێنەی حکومەت بەحساب حکومەت قەرز دەداتەوە؟؟؟".

ئاشکراشیکرد" بەناوی قەرزی کۆمپانیای نەوتەوە خەریکی دزیەکی ئاشکران. ئەی بۆچی بەو پارەیە قەرزی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران نادەنەوە؟".

دەشڵێت" ئەگەر حکومەت بەردەوام بێت لەسەر ئەم پارە دزین و بێ باکییە بەرامبەر فەرمانبەران و پێشمەرگە و خانەنشینان، ئەوا دووبارە خۆپیشاندان ونارەزایەتی دەردەبڕین و قبوڵی ناکەین ئەمە بەرمبەر بە فەرمانبەران و خەڵک بکرێت".

 



PM:02:17:02/03/2020