کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی پارێگای سلێمانی لەسەر راگرتنی دەوام شکستی هێنا

بڕیاربوو کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە بەشداری هەر دوو پارێزگاری سلێمانی و هەڵەبجەو هەر دوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین لە سلێمانی بەڕێوە بچێت، زۆرێک لەو بەشداربووانە جگە لەئەندامانی ئەنجومەن ئامادەنەبوون بەمەش کۆبوونەوەکە شکستی خوارد.

 
 ئازاد حەمەئەمین سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" بەهۆی ئامادە نەبوونی پارێزگاری سلێمانی و پارێزگاری هەڵەجە و هەردوو سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هەڵوەشایەوە".


سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتیشی" هەر یەكە و بەهۆكارێك ئامادەنەبوونی خۆیان لە كۆبوونەوەكە پێ راگەیاندین، ئەمە لە كاتێكدایە بۆ یەكەمین جارە ئەنجومەنەكە داوای میوانداری ئاڕاستەی ئەو كەسانە بكات و جێی خۆیەتی سوپاسی هەر یەك لە بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی و بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە بكەین كە ئامادەییان نیشاندا بەشداریی كۆبوونەوەكە بكەن."


ئازاد حەمە ئەمین وتیشی "نایشارینەوە كە ویستوومانە لە كۆبوونەوەكەدا پێشنیاری راگرتنی دەوامی سەرجەم فەرمانگەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین بە پارێزگای هەڵەبجەوە بكەین بۆ ماوەیەكی كاتی، بەڵام لە لایەن پارێزگاری سلێمانییەوە پێمان راگەیەنراوە كە مەرجی هەیە بۆ بەشداریی كردن لە كۆبوونەوەكە، بەڵام ئەنجومەنی پارێزگا بۆ هەر كارێك پەیوەندی بە تەندروستی هاووڵاتیانەوە هەبێت هیچ مەرجێك قبوڵ ناكات".


ئاماژەی بەوەشدا: بۆ رێگریكردن لە تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی هەنگاوی گرنگتر هەیە كە پێویستە بگیرێتەبەر كە بە سوپاسەوە بەشێك لەپێشنیارەكانمان كە ئاڕاستەی تەندروستی و ئەوقافی سلێمانیمان كردووە جێبەجێ كراون و هێشتا پێویستمان بە هەنگاوی نوێ هەیە لەو بارەیەوە.


ئەمڕۆ بڕیار بوو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەمەبەستی رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا  و گرتنەبەری رێو شوێنی پێویست كۆببێتەوە، بەڵام كۆبوونەوەكە هەڵوەشایەوە.
 

 


PM:12:38:03/03/2020