ئاسایشی سلێمانی ٢٩ قاچاخچی کۆرۆنای دەستگیرکرد



ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند ٢٩ قاچاخچی تریان دەستگیركردوە كە بەپارە خەڵكیان لەئێرانەوە گواستۆتە هەرێمی کوردستان.

 
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی لە راگەیەنراوێكیدا كە دانەیەکی بۆ " سپی " نێردراوە رایدەگەیەنێت" دوای كۆكردنەوەی زانیاری و دارشتنی پلانی وورد و بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی ( 76) لە یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بڕگەی قاچاخچێتی مرۆڤ،  هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی بەهاوبەشی لەگەڵا قائیمقامیەتی قەزای چوارتا و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پاسەوانی سنورو بنكەی پۆلیسی چوارتاو  بنكەی پۆلیسی زەلان و بنكەی پۆلیسی هاتووچۆی چوارتاو بنكەی تەندروستی چوارتا و سەرجەم هێزە ئەمنیەكانی سنورەكە، ئەمڕۆ ٤ی ئادار، هەستان بە هەڵمەتێكی فراوان  و كێوماڵكردنی سنورەكانی ناوچەی شارباژێر".

 
ئاسایش باس ئەوەش دەخاتەڕوو " پاش چەندین سەعات پشكنینی سەرجەم خاڵە سنورییەكان و ئەو شوێنانەی كە گومانی ئەوەیان لێدەكرا كە بتوانرێت قاچاخچێتی و گواستنەوەی مرۆڤیان لێوەبكرێت  توانرا ٢٩ قاچاخچی دەستگیربكرێن كە كۆی گشتی قاچاخچیەكان  كە تائێستا دەستگیركراون بریتین لە ٤٤ قاچاخچی و دەستگیراوەبەسەر ٢٧ ئۆتۆمبێل كە بۆكاری قاچاخچێتی بەكار هێنرابوون و سەرجەمیان كوردن و دانیشتوی هەرێمی كوردستانن".

 
ئەوەشی راگەیاندوە: سەرجەم تۆمەتباران دانیان بەتاوانەكەیاندا ناوەو روبەڕوی یاسا كرانەوە" .


ئەوە دووەمجارە لەو کاتەی کۆرۆنا بڵاوبۆتەوە، ئاسایش ژمارەیەک قاچاخاچیکار بە مرۆڤەوە دەستگیربکات.

 


PM:04:59:04/03/2020