نێچیرڤان بارزانی: سەرکەوتنی راپەڕین بەرهەمی تەبایی بوو

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرکەوتنی راپەڕین بە بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە و رۆڵەکانی گەل و یەکێتی و یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکان و سەرجەم خه‌ڵكی کوردستان ناودەبات و پاراستنی دەستکەوتەکانی بە ئەرکی هەموو تاکێکی کوردستانی دەزانێت.

 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە" ئەوە ڕاپەڕین و خواستی ئێوە بوو، كە سەلماندی مەحاڵە هیچ زەبر و زەنگ و سەركوتكارییەك بتوانێ شكۆ و خواستی گەلی كوردستان بۆ ژیانێكی سەرفرازانە و ئامانجە نیشتمانییەكانی، بشكێنێ".

دەقی راگەیه‌ندراوەکە:
 
جەماوەری سەربەرز و خۆڕاگری کوردستان
 
بە بۆنەی بیست و نۆیەمین ساڵیادی راپەڕینە شکۆدارەکەی ئازاری 1991وە، گەرمترین پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرجەم کوردستانییان لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان دەکەم.
 
راپەڕین کە یەکێکە لە سەروەرییە مەزنەکانی مێژووی گەلەکەمان، دەربڕی باوەڕ و خواستی‌ گەلی کوردستان بۆ ژیانێکی ئازاد و سەرفرازانە و رەتکردنەوەی ستەم و زۆرداری بوو، ترۆپكی خەبات و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە و رۆڵەکانی گەل و یەکێتی و یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکان و سەرجەم خه‌ڵكی کوردستان بوو، پاراستنی دەستکەوتەکانیشی، ئەرک و بەرپرسیاریه‌تی هەموو لایەن و پێکهاتە و هه‌موو تاکێكی کوردستانه‌ و وەفادارییانە بۆ گیانی پاکی شەهیدە قارەمانەکانمان و هەموو قوربانییانی رێگای رزگاریمان.
 
کوردستانییانی ئازیز:
 
گیانی خۆڕاگری و بەرەنگاریی دلێرانه‌تان سه‌رباری ئه‌و لێبورده‌ییه‌ی له‌ ڕاپه‌ڕیندا نواندتان، زادەی هەمان ئەو کولتوورە مرۆڤدۆستانەیە کە ئیلهامبەخش و نەخشەڕێی سەرجەم بەرخودان و شۆڕشەکانی كوردستان بووه‌‌ به‌ ڕاپەڕینیشه‌وه‌. خەباتی ئێوە، هەمیشە هه‌ڵگری باوەڕ و نه‌ریت و به‌ها و جیهانبینییه‌كی بەرز بووه‌ کە شایانی ئه‌وه‌ن نەوە بە نەوەی ئەم گەلە، شانازییان پێوە بکەن. ئەوە ڕاپەڕین و خواستی‌ ئێوە بوو کە سەلماندی مەحاڵە هیچ زه‌بر و زه‌نگ و سه‌ركوتكارییه‌ك بتوانێ شکۆ و خواستی‌ گەلی کوردستان بۆ ژیانێکی سەرفرازانە و ئامانجە نیشتمانییەکانی، بشكێنێ.
 
کوردستانییانی خۆشەویست،
 
ڕاپەڕین بەڵگەی زیندووی ئەو ڕاستیەیە کە یەکڕیزی و تەباییی نێوان لایەن و پێکهاتەکانی کوردستان و ئاشتەواییی ناوخۆ، هەمیشە گەلەکەمانی بەرەو سەرکەوتن و سەرفرازیی زیاتر بردووە، بۆیە بۆ بەدیهێنانی سەرجەم ئامانجە نیشتیمانییەکان و مسۆگەرکردنی ژیانیکی شایستە بە خەبات و قوربانییەکانی گەلەکەمان و ئایندەیەکی گەشتر بۆ نەوەکانمان، دەبێ هەوڵی هەموو لایەن و پێکهاتە و هه‌ر تاکێکی کوردستان، لە خزمەتی پتەوکردنی زیاتری‌ گیانی تەبایی و بنەماکانی پێکەوەژیان و لێبوردەیی و ئاشتیخوازیدا بێت.
 
با یادی ڕاپەڕین وزە و ئیرادەی زیاترمان بۆ یەکڕیزی و تەبایی و خزمەتکردن بە گەل و وڵات پێ ببەخشێت.
بەرز و شکۆدار بێت ساڵیادی ڕاپەڕینی مەزنی ئازاری 1991.
 
دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
 
نێچیرڤان بارزانی‌
سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان
4/3/2020



PM:07:43:04/03/2020