مەسرور بارزانی: ئافرەتانی کوردستان رۆڵی کاریگەر و شکۆداریان لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستاندا بینیوە

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەبۆنەی ٨ی مارس رۆژی جیھانی ئافرەتان، پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایدەگەیەنێت" ئافرەتانی کوردستان رۆڵێکی کاریگەر و شکۆداریان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستاندا بینیوە و لە دژی داگیرکاریی  و ستەمی کۆمەڵایەتی خەباتیان کردووە".

 

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی هەشتی مارس

لە رۆژی جیهانیی ئافرەتاندا پیرۆزبایی لە ئافرەتانی هەرێمی کوردستان و جیهان دەکەم . یادکردنەوەی هەشتی مارس رێزگرتنە لە خەبات و تێکۆشانی ئافرەتان لە پێناو یەکسانیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی ستەم و چەوساندنەوەدا. 

ئافرەتانی کوردستان رۆڵێکی کاریگەر و شکۆداریان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستاندا بینیوە و لە دژی داگیرکاریی  و ستەمی کۆمەڵایەتی خەباتیان کردووە. بۆیە ئێمە تیکۆشانی ئافرەتانی کوردستان، بەتایبەتی ئافرەتانی پێشمەرگە لە شۆڕشەکانی کوردستان و رۆڵی بەرچاویان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش بەرز دەنرخێنین و پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و مافەکانی ئافرەتان بەتایبەتی و رەخساندنی زەمینە و دەرفەتی یەکسانیی کارکردن وبەشدارییان لە بوارە جیاجیاکاندا دووپات دەکەینەوە.

داوا لە ئافرەتانی هەرێمی کوردستانیش دەکەم کە رۆڵی کارای خۆیان لە بڵاوکردنەوەی هوشیاریی تەندروستی  و جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوە و خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنادا بگێڕن و هانی ئەندامانی خێزانەکانیان و کەسوکاریان بدەن بۆ پاراستنی پاک وخاوێنی و ژینگە کە ئەرکێکی نیشتمانیی  و بەرپرسیارێتی هەموومانە. 

مەسرور بارزانی 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 
2020/3/8




AM:08:59:08/03/2020