وەزیری تەندروستی هەرێم توشبوونی کەسێکی دیکەی بە کۆرۆنا راگەیاند

وەزیری تەندروستی هەرێم رایگەیاند" کەسێکی دیکە کە خەڵکی شاری کۆیەیە، تووشی کۆرۆنا بوو".

 

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا پشکنین بۆ ١٥٤ حاڵەتی گومانلێکراو کەرەنتینەکراو ئەنجامدراوە، کە تەنیا دوو کەسیان تووشی ڤایرۆسەکە بوون کە یەکێکیان بەیانی ئەمرۆ راگەیەندرا، بەڵام ئەوەی دیکەی ئێستا ئەنجامەکەی دەرچووە، کە پیاوێکى تەمەن ٦٤ ساڵە و خەڵکی شاری کۆیەیە توشی کۆرۆنابووە، سەر بە خێزانی گەنجە توشبووەکەی کۆیەیە".

 

وتیشی" تاوەکو ئێستا لە کۆی سێ هەزار و ٦٤ هاووڵاتی لە ٢٩ شوێنی کەرەنتینەکراو دوو هەزار و ١١١ هاووڵاتی بە سەلامەتی کەرەنتینەیان جێهێشتووە، ٩٥٣ هاووڵاتی لە کەرەنتینەکاندا ماون".

وەزیری تەندروستی داوای لە هاووڵاتییان کرد لە کاتی زۆر پێویست نەبێت سەردانی نەخۆشخانەکان نەکەن و لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە.

ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتە ١٦ حاڵەت کە پێنج حاڵەتییان لە شاری هەولێرن و ئەوانەی دیکەش لە سلێمانین، کەسێکیش لە سلێمانی بە هۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیلەدەستداوە.




PM:09:52:10/03/2020