کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت ئاگادار دەکرێنەوە


لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت ئاگادار دەكاتەوە كە بڕیاری قەدەغەی ھاتووچۆ ھەمووان دەگرێتەوە و لە رۆژانی داھاتووشدا دەوامیان كەمبكەنەوە.

لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە "وەک لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، هەموو کۆمپانیا و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت لە سنووری شاری سلێمانی و دەوروبەریدا ئاگادار دەکەینەوە" کە پابەندی ئەم خاڵانەی خوارەوە بن:

1-بڕیاری قەدەغەکردنی هاتووچۆ هەموو ئەو کۆمپانیا و دامەزراوانە دەگرێتەوە، جگە لەو بوارە خزمەتگوزارییە تایبەتانەی وەک تەندروستی و کۆمۆنیکەیشن و کارەباو ئینتەرنێت و پاکردنەوەو خزمەتگوزارییەکانی کە قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی دیاریدەکات (بەپێی پێویستی ئێشکگرانەی دیاریکراو)، لە ڕۆژانی 14، 15/ 3/ 2020 و هەر رۆژێکی تردا کە بڕیاری قەدەغەکردنی هاتووچۆی تێدا بدرێت.

2-پێویستە لە رۆژانی ترو شوێنەکانی تری سنووری پارێزگای سلێمانی هەموو ئەم کۆمپانیا و دامەزراوانە ماوەی کارکردن کەمبکەنەوەو ژمارەی کارمەندەکانیان لە شوێنەکاندا بەپێی رێنماییە تەندروستییەکان بێت.

3-تەواوی کۆمپانیا و دامەزراوەکان پاکژ بکرێنەوەو دەرمانپژ بکرێن.

4-پێویستە تەواوی پێداویستییەکانی خۆپارێزیی و پاکژکردنەوە بۆ هەموو کارمەندان و میوانەکانیان لەژێر رێنماییە تەندروستیەکاندا بێ بەرامبەر دابین بکەن.

AM:09:37:14/03/2020