وەزارەتی دارایی ڕونکردنەوەیەکی لەسەر هۆکاری دابەشنەکردنی موچە بڵاوکردوە

وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند" لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ١٢ دەكەین كە بڕیاربوو سبەینێ دابەش بكرێت".

ئەحمەد عەبدولڕەحمان، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە"  ئەو خشتەی مووچەیەی کە بڕیار بوو رۆژی یەکشەممە ١٥ی ئادار دابەش بکرێت بەسەر وەزارەتی پێشمەرگە و دارایی و ئابووری، ناتوانرێت لەو رێکەوتە دابەشبکرێت و لە رۆژانی دواتر دابەش دەکرێت".

ئاماژەی بەوەشكرد" بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆوە، نە پێشمەرگە دەتوانن هاتووچۆ بکەن نە بانکەکانیشمان دەتوانن دەوام بکەن".

 

دەقی ڕوونكردنەوەكە:

روونكردنەوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووریەوە

بەداخەوە، ئەمرۆ لە روونكردنەوەیەكدا ئاماژەمان بەوەدابوو كە بەهۆی بڕیاری لیژنەی باڵای رووبەرووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە كە تایبەت بوو بە قەدەغەكردنی هاتووچۆ، ئەو خشتەی مووچەیەی كە بڕیار بوو رۆژی یەكشەممە ١٥-٣-٢٠٢٠ دابەش بكرێت، ناتوانرێت لەو رێكەوتە دابەشبكرێت و لە رۆژانی دواتر دابەش دەكرێت؛ چونكە بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆوە، نە پێشمەرگە ئازیزەكانمان دەتوانن هاتووچۆ بكەن نە بانكەكانیشمان دەتوانن دەوام بكەن؛ بەڵام بەداخەوە ئەم بابەتە لەلایەن هەندێك لایەن و بەرپرسی نابەرپرسەوە بۆ موزایەدەكردن، بەلاڕێدا براوە، بە جۆرێك كە دەیانەوێت تەندروستی و سەلامەتیی خەڵكیش بۆ مەرامەكانی خۆیان بەكار بهێنن.

لەسۆنگەی بەرپرسیارێتی بەرامبەر ئەو قەیرانە تەندروستییەی كە ژیانی مرۆڤایەتی خستووەتە مەترسییەوە، دەبوایە هەموو لایەك بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەودۆخە بكەن، بۆیە داوا لە لیژنەی باڵای روبەروبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكەین كە رێكاری یاسایی بەرامبەر ئەو لایەنانە بگرنە بەر كە كار لەسەر كەمكردنەوەی ورەی خەڵك دەكەن و ئاسایشی دەروونی هاوڵاتییانی كوردستان دەخەنە مەترسیەوە.

لە كۆتاییدا وەك وەزارەتی دارایی و ئابووری، ئەوە دوپاتدەكەینەوە كە ئەگەر رێكارەكانی رووبەڕوبوونەوی ڤایرۆسی كۆرۆنا نەبنە لەمپەر، ئەوا ئەو خشتەی مووچەیەی كە بڕیار بوو رۆژی یەكشەممە ١٥-٣-٢٠٢٠ دابەش بكرێت، لە رۆژانی دواتردا دابەشدەكرێت.

احمد عبدالرحمن
وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری

 


PM:10:34:14/03/2020