لە یادی کیمیابارانی هەڵەبجە سەرۆکی حکومەت داوای یەکڕیزی دەکات

لەیادی تێپەڕبوونی ٣٢ ساڵ بەسەر کیمیبارانی شاری هەڵەبجەدا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت لە پەیامێکدا داوای یەکڕیزی و یەکگرتووی و کاری هاوبەش دەکات.

 
ده‌قی په‌یامه‌كه‌


ئەمڕۆ 32 ساڵ بەسەرکیمیاباران و کۆمەڵکوژی شاری هەڵەبجە تێدەپەڕێت کە بەشێک بوو لە سیاسەتی قڕکردن و جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان . ئەم تاوانە گەورەیەی بەرامبەر نەتەوەکەمان ئەنجامدرا ، زامێکی قووڵە لە مێژووی گەلی کوردستاندا و هێمای ئەو ستەمکاریی و زۆردارییەیە کە بەرامبەر گەلی کوردستان کرا.


حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خۆڕاگری میللەتەکەمانە، هەموو هەوڵێک دەخاتەگەڕ بۆ خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان. ئەم بیرئانینە تراژیدیایانەش پێویستە هاندەری زیاترمان بن بۆ یەکڕیزی و یەکگرتوویی و کارکردنی هاوبەش لە پێناو زاڵبوون بە سەر هەموو کارەسات و دۆخێکی سەختدا.


سەری رێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و گشت شەهیدانی کوردستان.


مەسرور بارزانی


سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

 


PM:01:20:16/03/2020