پێنجوێن.. كەسێك دەستگیر كرا و رەوانەی نەخۆشخانەی كۆرۆنا كرا

پۆلیسی پێنجوێن كەسێكی دەستگیر كرد كە لە ئێرانەوە بەشێوەیەكی نایاسایی گەڕابویەوە هەرێمی كوردستان و خۆی بەتیمە تەندروستییەكان نەناساندبوو.

لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەکردووە" دوای ئەوەی زانیاری گەیشتە هێزەكانی پۆلیس كە ڕۆژی ١٥ی ئاداری ٢٠٢٠ هاووڵاتیەك لە ئێرانەوە گەڕاوەتەوە هەرێمی كوردستان و خۆی بە تیمە تەندروستییەكان نەناساندووە، بنكەی پۆلیسی پێنجوێن لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكردووەوە توانیانە ڕۆژی دواتر ئەو هاوڵاتییە دەستگیربكەن".

پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاشکراشیکردووە" ئەو كەسە ناوی ( ا، ج ، ا) تەمەنی ٣٤ ساڵە و دانیشتووی پێنجوێنە، بە نایاسایی لە ئێرانەوە گەڕاوەتەوە و خۆی بە تیمە تەندرووستییەكان نەناساندووە ڕەوانەی نەخۆشخانەی تایبەت بەكۆرۆنا كراوە".

هاوکات لە کۆتای ڕاگەیەندراوەکەدا پۆلیس داوا لەو هاووڵاتیانە دەكات كە زانیارییان هەیە لەسەر هەركەسێك لەوڵاتی ئێرانەوە گەڕاوەتەوە و خۆیان بەتیمە تەندروستییەكان نەناساندووە، پەیوەندی بە هێڵە گەرمەكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە بكەن.


PM:01:16:17/03/2020