پۆلیسی سلێمانی: به‌تۆمه‌تی‌ ڕفاندنی‌ ئافره‌تێك‌ دوو تۆمه‌تبار ده‌ستگیركران

به‌تۆمه‌تی‌ لێدان‌و ئه‌شكه‌نجه‌دانی‌رۆژنامەنوسێک و ڕفاندنی‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌، مه‌فره‌زه‌كانی‌ به‌شی‌ پۆلیسی پێنجوێن دو تۆمه‌تباریان ده‌ستگیركرد.

 

بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەکردووە" پاش ئەوەی‌ ڕۆژی‌ 2020/3/16 هاوڵاتییەك كە پیشەی‌ ڕۆژنامەنوسەو لەبواری‌ مافەكان مرۆڤدا كاردەكات، لەبنكەی‌ پۆلیسی‌ پێنجوێن سكاڵای‌ لەسەر دوو كەسی‌ نەناسراو تۆماركرد، كە هاوسەرەكەیان ڕفاندووەو بەشێوەیەكی‌ نادروست‌و دور لەڕەوشتی‌ مرۆڤایەتی‌ وێنەیان گرتووە، هەروەها لەژێر ئەشكەنجەو لێداندا دەست‌و سەری‌ سكاڵاكاریان شكاندووە، بەسەرپەرشتی‌ راستەوخۆی‌ بەڕێز عەمیدی‌ مافپەروەر ئاسۆ شێخ تەها، بەڕێوەبەری‌ پۆلیسی پارێزگای‌ سلێمانی‌ لێكۆڵینەوەكان بۆ بۆ دۆزینەوەی‌ تۆمەتباران دەستیپێكرد".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا پۆلیسی سلێمانی دەشڵێت" پاش وەرگرتنی‌ بڕیاری‌ بەڕێز دادوەر، توانرا لەماوەی‌ دوو كاتژمێردا شوێنی‌ هەردو تۆمەتبارەكە بدۆزرێتەوەو لەلایەن مەفرەزەكانی‌ بەشی‌ پۆلیسی پێنجوێنەوە دەستگیركران‌و لەبەردەم دادوەری‌ لێكۆڵینەوەدا دانیان بەتاوانەكەیاندا".

ئاشکراشیکرد: لەئێستادا هەردوو تۆمەتبار (ك،م،س) تەمەن 30 ساڵ دانیشتوی‌ ناحیەی‌ عەربەت‌و (ج،ح،ع) تەمەن 37 ساڵ دانیشتوی‌ قەزای‌ پێنجوێن، بەبڕیاری‌ بەڕێز دادوەرو بەپێی‌ ماددەكانی‌ (421) (405-31) لەیاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌ راگیراون‌و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.



PM:04:00:17/03/2020