لە پارێزگای هەڵەبجە ٧٢ كاژمێری دیكە قەدەغەی هاتووچۆ درێژکرایەوە

ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ی ئاداری ٢٠٢٠ پارێزگاری هەڵەبجە ژمارەیەك بڕیاری نوێی دەركرد و قەدەغەی هاتووچۆی لەناو پارێزگاكە بۆ ٧٢ كاتژمێری دیكە درێژكردەوە.

 

ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە لەكۆبونەوەی لیژنەی ئۆپراسیۆنی  ڕوبەڕوو بوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا، قەدەغەی هاتووچۆ لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەدرێژكردەوە، بۆماوەی ٧٢ كاتژمێری دیكە، بڕیارەكە لەكاتژمێر ١٢ی ئەمشەو جێبەجێدەكرێت.

 

ناوەڕۆکی بڕیارەكانی پارێزگاری هەڵەبجە:

 

لەدیوانی پارێزگاوە بو جێ بەجێ كردن.

 

بەسەرپەرشتی بەڕێز ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە و بە ئامادەبوونی ئەندامانی ژووری ڕووبەرووبونەوەی ڤایروسی كۆڕۆنا ،ژوورەكە كۆبوونەوە
بڕیار و ڕێنمایی و ڕاسپاردەكانی پارێزگای هەڵەبجە ، كە لە كۆبوونەوەی ڕۆژی (١٧/٣/٢٠٢٠ )پەسەند كران.

لەبەر ڕۆشنایی ڕێنماییەكانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ وتەندروستی لەهەرێمی كوردستان وبۆ زیاتر پاراستنی تەندروستی كۆمەڵانی خەڵك و هاووڵاتیانی پارێزگای هەڵەبجە، بۆ هەڵمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ، لیژنەی ئۆپەراسیۆنی پارێزگا ئەم بڕیار و ڕێنمایی و ڕاسپاردانەی خوارەوەی پەسەند كرد :

١ – بڕیاردرا بەدرێژ كردنەوەی قەدەغەی هاتووچۆ لەسنووری پارێزگای هەڵەبجە، بۆ ماوەی ٧٢ كاتژمێری دیكە، واتە لەكاتژمێر ١٢ی شەوی ١٧-١٨/٣/٢٠٢٠  تاكاتی دیاریكراو .

٢ – سەرجەم سەمونخانە و نانەواخانە و دەرمانخانەكان بە پێی ڕێنماییە تەندروستییەكان كراوە دەبن .

٣ – دوكانی سەوزە و میوەكان دەتوانن بە هۆكارەكانی گواستنەوەی وەك ( عەرەبانە و پیكاب و .... هتد ) بە كۆڵانەكانی ناو شاردا و دوور لە شەقامە سەرەكییەكان ، سەوزە و میوە بفرۆشن .

٤ – دوكانی گۆشت فرۆشەكان تەنها رۆژی٢٠٢٠/٣/١٨ لەكاتژمێر ٦بەیانی تا١١ نیوەرۆ دەكرێنەوە لە ژێر چاودێری لیژنە هاوبەشەكانی قائمقامیە ت وە پێویستە هاووڵاتیان لەو كاتەی دیاری كراوە پیداویستیەكەیان بكرن چونكە دوای ئەو بەروارە دادەخرێت ، بە ڕەچاوكردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە :
ێ‌-  بە هیچ شێوەیەك قەرەباڵغی ڕێگەپێدراو نیە .

ب- لە كاتی وەستان و سەرەدا ، دەبێت نێوان كڕیارەكان لە ٢م كەمتر نەبێت .
ج- پێویستە ڕەچاوی سەرجەم ڕێنماییە تەندروستییەكان بكرێت، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری و لیژنەكان دەردەچێت، وەك بەكارهێنانی دەمامك و دەستكێش و بە بەردەوامی مەوادی پاكژ كردنەوە بەكار بهێنن .

د- كڕیارەكان بە هیچ شێوەیەك بواری چوونە ناو دوكانی گۆشت فرۆشەكانیان نیە و دەبێت شریتی قردێلەیی دابنرێت بۆ جیاكردنەوەیان .
هـ- هەر دوكانێك پێویستە كەسێكی تایبەت، بۆ وەرگرتن و ژماردنی پارە لە كڕیارەكان دابنێت .

وـ- بەپێچەوانەی ئەم ڕێنماییانەوە، دوكانەكانیان دادەخرێت و ڕووبەڕووی ئیجرائاتی یاسایی دەكرێنەوە .
٥ – سەرجەم هەفتە بازاڕەكانی ناو شاری هەڵەبجە جگە ئەوانەی ناو بازاڕ ، كراوە دەبن،  لەژێر چاودێری لیژنە ھاوبەشەكانی قایمقامیەت بە ڕەچاوكردنی سەرجەم ڕێكارە تەندروستییەكان و ئەم ڕێنماییانەی خوارەوە:

ێ‌- قەرەباڵغی ڕێگەپێنەدراوە .
ب- لە كاتی وەستاندا نێوان كڕیارەكان ٢م كەمتر نەبێت .

ج- پێویستە ڕەچاوی ڕێنماییە تەندروستییەكان بكرێت ، لە بەكارهێنانی دەمامك و دەستكێش و مەوادی پاكژ كردنەوە .

د- لە هەفتەبازاڕەكاندا ژمارەی كاشێرەكان پێویستە زیاد بكرێت ، بۆ خێراكردن و كەمكردنەوەی قەرەباڵغی .

هـ- بە پێچەوانەی ئەم ڕێنماییانەوە ، هەفتەبازاڕەكانیان دادەخرێت و ڕووبەڕووی ئیجرائاتی یاسایی دەكرێنەوە .

داواكارین خاوەن هەفتە بازاڕەكان هاوكاری كڕیارەكان بە پێدانی دەمامك و دەستكێش بكەن.

٦ - بە پێی بەیانی ژمارە ( ١٩ )ی ساڵی ٢٠٢٠ وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕ بە هەموو شێوەیەك بۆ هەفتەبازاڕ و شوێنە ڕێگاپێدراوەكان قەدەغەیە و ڕووبەڕووی ئیجرائاتی یاسایی دەبنەوە .
تێبینی: لە كاتی دەرچوونی هەر بەیان و بڕیارێك ، كە لە وەزارەتی ناوخۆ دەدرێت ، ئەوا ئەو بڕیارە دەبێتە بڕیاری فەرمی .

 
ئازاد تۆفیق ڕەحیم
پارێزگاری هەڵەبجە
١٧/٣/٢٠٢٠




PM:07:08:17/03/2020