نەوەی نوێ: خەڵک متمانە ناکات پارە بدات بە حکومەت


نەوەی نوێ ڕایگەیاند" ئێوە نە وەکیلی خودان نە ئەوەندەش دەستپاک و جێمتمانەن تا خەڵک خێرو خێراتی خۆی بدات بە ئێوە".

لە ڕاگەیەندراوێکدا نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەکردووە" ھەموو خەڵک لەبیریانە کە پارەی سندوقی کۆمەکی شێرپەنجەتان بە چ دەردێک برد و چۆن سندوقەکەتان بەتاڵ کرد، کە زیاتر لە (١١٠) ملیارد دینار کۆکرابویەوە بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە بە خێرو خێرات و ھاوکاری و پیتاکی خەڵک و ٥٪‏ ی باجی جگەرە و کحول بەڵام حکومەت پارەکەی برد و بۆ شتی تر بەکاریھێنا و تا ئێستاش نەیگەڕاندۆتەوە بۆ سندوقەکە".

دەشڵێت" خەڵک لەبیری نەچۆتەوە کە چۆن دەستان کرد بە گیرفانی فەرمانبەر و خانەنشین و پێشمەرگەدا و بەناوی پاشەکەوتەوە موچەکانتان بڕی و تا ئێستاش مەسیری ئەو پاشەکەوت و مووچە دزراوانە دیارنیە".

وتیشی" ئێستاش خۆتان کردووە بە وەکیل و ئەتانەوێ ھەندێک پارەی تر لووش بدەن؟ جا کەس ماوە سیقەتان پێبکات؟ یان خەڵک خێربکات ئیشی بە ئێوە چیە؟".

لە کۆتای ڕاگەیەندراوەکەدا نەوەی نوێ ڕاشیگەیاندووە" ھەر خێرخوازێک بیەوێت ھاوکاری و خێربکات خۆی دەیکات و راستەوخۆ دەیگەیەنێتە دەستی ئەو ھەزاران فەقیر و ھەژارەی کە لەپای ٢٩ ساڵ حوکڕانی ئێوە دروست بوون. پێویستی بەوە نیە بیدات بە ئێوە و ئەمیش بە دەردی پارەی سندوقی کۆمەکی شێرپەنجە و ئەو ھەموو داھاتەی نەوت لووش بدەن".

PM:08:13:18/03/2020