سەرۆکی حکومەت: دڵنیابن بە هاوکاری یەکتر ئەم قەیرانە تێدەپەڕێنین

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردییەوە بڵاوکردەوە و داوا لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات، پابەندی رێنماییەکان ببن تاوەکو بە دووربن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و دڵنیاییش دەدات، کە بە هاوکاری یەکتر، ئەم دۆخە تێدەپەڕێت،

 

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردییەوە ، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی گەلی کوردستان و بەتایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم. هیوادارم مایەی خێر و خۆشی بێت بۆ خەڵکی کوردستان.

وەک دەزانن ئەمساڵ بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتە ئابوورییەکانی، لە دۆخێکی سەختدا یادی ئەم جەژنە نیشتمانییە دەکەینەوە . سوپاستان دەکەم بۆ پابەندبوونتان بە رێنماییە تەندروستییەکان و ئەو رێکارانەی بۆ سەلامەتی و پاراستنی ئێوەی خۆشەویست گرتوومانەتەبەر لەوانەش سنووردارکردنی هاتووچۆ . دڵنیاین بە هاوکاری یەکتر ئەم قەیرانەش تێدەپەڕێنین وەک چۆن لە رابردوودا بە خۆڕاگرییەوە بەسەر زۆر باردۆخی سەختدا زاڵ بووین.

هیوادارم ئەم ئاستەنگیانەی هاتوونەتە پێشمان، ببنە دەرفەتێک بۆ بەخۆداچوونەوە و خۆپارێزیی زیاتر لە داهاتوودا و، لە ئاستی ئابووریش زیاتر هانمان دەدات بۆ بەردەوامبوون لە سەر جێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازی دارایی و کارگێڕی کە یەکێک لە کارە لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. بە تایبەتی کە ئێمە هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونمانەوە جەختمان لە سەر سیاسەتی هەمەچەشەنکردنی ئابووری هەرێمی کوردستان و پشت نەبەستن بە تاکە سەرچاوەیەکی داهات کردووەتەوە و، ئەم دۆخەی ئێستاش، سوورترمان دەکات لە سەر بەردەوامبوون لەم چاکسازیانەدا.

نەورۆزتان پیرۆز بێت و ئومێدەوارم کوردستانیش بەهێزتر و ئاوەدانتر بێت .

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2020/3/20




PM:12:48:20/03/2020