لەساڵێکدا لە رۆژهەڵاتی کوردستان ٢٣٧ کۆڵبەر بوونەتە قوربانی

رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئاماری ساڵانەی کۆڵبەرانی کوژراو بەدەستی هێزە ئێرانییەکان بڵاودەکاتەوەو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لە ساڵی کوردی ٢٧١٩ دا ٢٣٧ کۆڵبەر کوژراون.


رێکخراوی هەنگاو لە راگەیاندنێکدا ئاماژەی بۆ دەکات لە ماوەی ساڵی ٢٧١٩ی کوردی (١٣٩٨ی هەتاوی)، لانیکەم ٢٣٧ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنوورەکان و جاددەکانی کوردستان کوژراون یان بریندار کراون. 


هەنگاو دەشڵێت " لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، لانیکەم ٨ مێرمنداڵی کۆڵبەر کە تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە ٦ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ٢ کەسیان بریندار بوون. پێنج حاڵەتی بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بووە و ٣ حاڵەتیشی بە هۆی ڕووداوی سرووشتی وەکوو سەرمابردوویی و بەربوونەوە لە هەڵدێر بووە.


بەپێی ئەوم ڕاپۆرتە، لە ساڵی ڕابردوودا ٦٦ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون و ١٧١ کۆڵبەر و کاسبکاری دیکەش بریندار بوون کە زیاتر لە ٧٣٪ی ئەو ڕێژەیە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون یان بریندار بوون.

هەنگاو ئامارەکانی ورد دەکاتەوەو، هۆکاری بریندار بوون یان گیان لە دەست دان دەخاتەڕوو:

 
تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران: ١٩٦ حاڵەت کە دەکاتە ٨٣.٢٪ی کۆی حاڵەتەکان
ڕووداوی سروشتی(سەرما، ڕنوو، بەربوونەوە لە هەڵدێر و …): ٢٦ حاڵەت کە دەکاتە ١٠.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان
تەقینەوەی مین: ٨ حاڵەت کە دەکاتە ٣.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان
ڕووداوی هاتووچۆ: ٤ حاڵەت کە دەکاتە ١.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان
لێدان و کوتان لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە: ٣ حاڵەت کە دەکاتە ١٪ی کۆی حاڵەتەکان
جەڵتەی دڵ لەکاتی کۆڵبەری: ١ حاڵەت کە دەکاتە ٣. ٪ی کۆی حاڵەتەکان


جیاکردنەوە بە پێی پارێزگاکان
پارێزگای ئورمیە: ١٤٩ حاڵەت (٣٨ کوژراو و ١١ بریندار)
پارێزگای سنە: ٥٧ حاڵەت (٢١ کوژراو و ٣٦ بریندار)
پارێزگای کرماشان: ٣١ حاڵەت (٧ کوژراو و ٢٤ بریندار)
جگە لەم ئامارە هەنگاو بە " پیدێف " ناوی قوربانییەکانی بڵاوکردۆتەوە.

 


AM:10:09:21/03/2020