" ئەوەی گاڵتە بە هێڵی ١٢٢ ی وەزارەتی تەندروستی بکات دەدرێتە دادگا"

لە راگەیەندراوێک وەزارەتی تەندروستی ئاشکرای دەکات کە خەڵکێکی نەفەس نزم گاڵتە بەو ژمارە تەلەفونییە تایبەتەی وەزارەتی تەندروستی دەکەن کە دانراوە بۆ گومانلێکراونی تووشبوو بە کۆرۆنا، وەزارەت جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەو کەسانە دەدرێنە دادگا.

لەو راگەیەندراوەدا کە بۆ رای گشتی بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتی تەندروستی دەڵێن" ئێمە وەکو وەزارەتی تەندروستی هێلی فریاگوزاری بەردەوامی ١٢٢مان خستۆتە بەردەم هاوڵاتیان بۆ خزمەتیان. بەداخەوە هەندێ کەسی نابەرپرس بۆ مەبەستی گاڵتە و ڕابواردن پەیوەندی بەم هێڵە دەکەن".

وەزارەتی تەندروستی هۆشداری دەدات و دەڵێن ") مەشغول کردنی ئەم هێلە) کە لەم کاتەدا لەوانەیە کەسانێک حالەتیان گرژ بێت پێویستیان بە هێلەکە بێت، هەروەها ئەم کارە دەبێتە هۆی ماندووبوون و بێزارکردنی ستافی ١٢٢ کە ٢٤ کاتژمێر شەونخونی دەکەن بۆ خزمەتی هاوڵاتیان".

وەزارەتی تەندروستی بڕیار داوە " ئێمە وەکو وەزارەتی تەندروستی لەمەودوا مامەڵەی یاسایی دەکەین لەگەڵ ئەو کەسانەی بەمەبەستی گاڵتە و ڕابواردن پەیوەندی بەهێلی ١٢٢ دەکەن".

هێڵی ١٢٢ دانراوە بۆ گومانلێکراوانی تووشبوو بە کۆرۆنا و پرسیاری هاوڵاتیان لەسەر ڤایرۆسەکە لەسەرتاسەری کوردستاندا بەبێ بەرامبەر.

 


PM:09:00:21/03/2020