گرووپی کۆمپانیاکانی فاروق، کە خاوەنەکەی وەبەرهەمهێنی ناسراو، فاروقی مەلا مستەفایە، وەک یارمەتیدانێک بۆ ئەو خێزنانەی داهاتیان سنوردارەو، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ڕووبەڕووی دۆخێکی قورس بوونەتەوە، بڕێک خۆراکی بەرچاو بۆ ١٠ هەزار خێزانی ناو شاری سلێمانی و قەزاو ناحیەکانی دەوروبەری دابین دەکات.
لە بڵاوکراوەیەکدا کە دانەیەکی بۆ ماڵپەڕی " سپی " نێردراوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکرێت کە گرووپی کۆمپانیاکانی فاروق خۆراکی وشەکەو پێدوایستی بۆ ٧ هەزار خێزانی دەرەوەی شاری سلێمانی و ٣ خێزانی ناو سلێمانی دابین دەکات.
بەپێی ئەو راگەیاندنە ئەو بڕە خواردنە کە نرخەکەی ٥٧ هەزارو ٩٠٠ دینارە دابەشدەکرێت بەسەر ناوچەکانی (قەزا و ناحیەكانی بازیان، بەردەقارەمان، بەكرەجۆ، ڕاپەڕین، دوكان، عەربەت، پیرەمەگروون، شارباژێڕ، قەرەداغ، سێوسێنان، چەمچەماڵ،تەكیە، تاسڵوجە، ماوەت، شۆڕش)، هەروەها بەسەر ژمارەیەکی بەرچاوی خێزانە کەم دەرامەتەکانی ناو سلێمانیشدا دابەشدەکرێت و دەگەیەنرێتە بەر ماڵەکانیان.
لەسەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرناوە لە پارێزگای سلێمانی و شوێنەکانی تری کوردستان، کۆمەڵێک وەبەرهەمهێن لەبوارە جیاجیاکانی دروستکردنی نەخۆشخانەو، یارمەتیدانی خێزانە کەم دەرامەتەکان، چەندان دەستپێشخەریان کردووە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە هەستیارەی بەسەر هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەیدا هاتووە.
بڵاوكراوەیەك لە گروپی كۆمپانیاكانی فاروقەوە:
هاوكارییەكی تری كاك فاروقی مەلا مستەفا لەم قەیرانە سەختەی ئێستای هەرێمی كوردستاندا
كاك فاروقی مەلا مستەفا وەك چۆن لە هەموو كارەسات و بۆنەو ڕووداوێكدا پێشەنگ و دەستپێشخەر بووە لە بەدەنگەوەهاتن و یارمەتیدانی توێژە جیاجیاكانی كوردستاندا بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی خۆیان و خێزانەكانیان لەكاتی لێ قەومان و بارودۆخی نەخوازراودا،وا ئەمجارەش لەگەڵ سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆنادا خۆراكی وشكە و پێداویستی دیكەی دابین كرد بۆ حەوت هەزار خێزانی شایستە بەپێی ئەو لیستەی كە بەڕێزان قایمقامەكان و لێپرسراوە ئیدارییەكان ئامادەیان كردووە لە قەزا و ناحیەكانی:
بازیان، بەردەقارەمان، بەكرەجۆ، ڕاپەڕین، دوكان، عەربەت، پیرەمەگروون، شارباژێڕ، قەرەداغ، سێوسێنان، چەمچەماڵ، تەكیە، تاسڵوجە، ماوەت، شۆڕش،
هەر كارتۆنێك لەو پێداویستی و ئازووقانە بایی پەنجاوحەوت هەزار و نۆسەد دینارە و ڕۆژی ٢٥ /٣ بە هاوكاری ڕێكخراوی (سی دی ئۆ )و بەڕێزان قایمقامەكان و بەڕێوەبەرانی بەڕێزی ئەو قەزاو ناحیانە هاوكارییەكان دەگەیەنرێنە بەردەمی ئەو ماڵانە.
هەر بە هەمان شێوە و بەهاوكاری بەڕێز قایمقامی ناوەندی سلێمانی سێ هەزار خیزانی شایستەی ناو شاری سلێمانییش هاوكاری دەكرێن
بۆ هەر پرسیارێك لەسەر ئەم بابەتە دەتوانن پەیوەندی بكەن بە ژمارە تەلەفونی(٠٧٧٢٣٣٣٠٠٩٠)
كۆمەك و بەخشینەكانی كاك فاروقی مەلا مستەفا بۆ هاونیشتیمانیان و دەزگا خزمەتگوزارییەكان لەم ماوە قەیراناویەدا هەر بەردەوام بووە. لەوانە:
١-یەك ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ قەزای كۆیە كە بایی شەشسەدو بیست ملیۆن دینار بوو
٢- پێنجسەد هەزار لیتر نەوتی سپی بۆ ناو شاری سلێمانی و چەند ناوچەیەكی دەرەوەی شاری سلێمانی كە نرخەكەی سیسەد ملیۆن دینار بوو
٣-بڕی دووسەدو پەنجا هەزار
دۆلار بۆ پارێزگای سلێمانی
٣-بڕی پەنجاو نۆهەزار و پێنج سەد دۆلار هاوكاری بۆ نەخۆشخانەی كۆرۆنا لە سلێمانی(نەخۆشخانەی ئاسا)
ئێمە لەكاتێكدا پڕ بەدڵ هیوادارین وڵاتە
خۆشەویستەكەمان ئەم كێشە گەورەیە بە كەمترین زیان تێ بپەڕێنێت وهاونیشتیمانیانی ئازیز سەلامەت و بەختەوەر بن،دڵنیاتان دەكەینەوە كە هاوكارییەكانی كاك فاروقی مەلا مستەفا بەردەوام دەبن بۆ دەزگا خزمەتگوزارەكانی حكومەتی هەرێم و كەسانی شایستەی هاوكاری و فریاكەوتن.
هیوای لەشساغی و ئاسوودەیی بۆ هەموو لایەك دەخوازین.
گروپی كۆمپانیاكانی فاروق
٢٣-٣-٢٠٢٠