لە نزیک زاخۆ گەریلاو سووپای تورکیا شەڕە
بارگرژی لەنێوان پەکەکەو پێشمەرگە لە ئارادایە

ئەمرۆ لەناو خاکی هەرێم لە رۆژهەلآتی زاخۆ لە ناوچەی حەفتانین گەریلا بەهاوەن هێرشدەکاتە سەر سووپای تورکیا، بەپێی راگەیاندنەکانی تورکیا ٢ سەرباز کوژراون و ٢دیش برینداربوون، هەروەها دەڵێن ٨ گەریلا کوژراون، لەلایەکی ترەوە لەناوچەی وەرتێ لە باکوری چیای قەندیل بارگرژی لەنێوان گەریلاو هێزی پێشمەرگەی ( پارتی و یەکێتی )لە ئارادایە.

 
میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ی ئازار لەچەند لایەکەوە بە هاوەن هێرشکراوەتە سەر بنەکانی سووپای تورکیا لە حەفتانین لە رۆژهەڵاتی شاری زاخۆو، لە ئەنجامدا ٢ سەرباز کوژراوەو ٢ تریش برینداربوون. میدیاکانی تورکیا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن بە هۆی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ بنکەی ئەو هاوەنانەوە ٨ گەریلا کوژراون، تا ئێتستا هێزەکانی پاراستنی گەل هیچ راگەیاندنێکی لەو بارەیەوە رانگەیاندووەو، وەک نەرێتێک پێدەچێت لە رۆژانی ئایندەدا هێزەکانی پاراستنی گەل راگەیاندن لەسەر ئەو شەڕە بڵاو دەکاتەوە.

 
لەلایەکی ترەوە بەپێی زانیاریەکانی " سپی " ، بارگرژی لەنێوان پێشمەرگەی پارتی‌و یەکێتی دژی گەریلاکانی پەکەکە لە ناوچەی  "زینی وەرتێ" لە ئارادایە.


ئەو بارگرژیە لە ئەنجامی ئەو جموجوڵانەی هێزی پێشمەرگە هاتۆتە ئاراوە کە دەیەوێت لەو ناوچەیە جێگیربێت و قەندیل لە ناوچەکانی باکوری خۆی دابڕێت کە ئەمەش پەکەکە قبوڵی ناکات.

 
بەپێی ئەو زانیاریاننەی دەست " سپی " کەوتووە، پەکەکە، یەکێتی و پارتی ئاگادار کردۆتەوە ئەگەر لە زینی وەرتێ هێزی پێشمەرگە یا لیوای هاوبەش جێگیربکرێت، هێرشدەکەنە سەریان.


پەکەکە، پێیوایە تورکیا فشاری خستۆتەسەر پارتی و یەکێتی کە دەبێت هێزی ئەو دوو حیزبە بچنە ئەو شوێنەو جێگیرببن، بەئامانجی ئەوەی قەندیل دادەبڕێت لە کارۆخ و رواندز و وەرتێ و دۆڵی شاورێ، بەمەش پەکەکە هێندەی تر دووربخرێتەوە لە سنوری تورکیا و ناوچەکانی بادینان.






AM:12:26:26/03/2020