پسپۆرێک داوا لەوەزیری تەندروستی دەکات نەخۆشە درێژخایەنەکانان لەبیرنەکەن

د. هەژار عوسمان مەعروف، وەزیر و وەزارەتی تەندروستی ئاگادار دەکاتەوە لەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیەو، دەڵێت " نابێت ئەو هەموو نەخۆشیە گەرم و سارد و درێژخایەنەی تر کە هاوڵاتیانی کوردوستان دەناڵێنن لە ژێریاندا، نەبینین و لەبیرمان بچنەوە".

 
لە نامەیەکی کراوەدا کە ئاراستەی وەزیری تەندروستی هەرێم کراوە، د. هەژار مەعروف پسپۆری بواری سایکۆلۆژی و مامۆستای زانکۆ، وەزیری ناوبراو ئاگادار دەکاتەوە کە بەهۆی کۆرناوە کەسانێکی زۆر کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، فەرامۆش کراون، دەڵێت "  بۆ نمونە نەخۆشیە درێژخایەنەکانی بەرزیی پەستانی خوێن و شەکرە و دڵ و پەرکەم و پارکینسۆن و ڕەقیی دەمارەکان و شیزۆفرینیا و خەمۆکیی توند و دوجەمسەری و..... کە مانگانە لە بنکە تەندروستیە حکومەتیەکان بە خۆڕایی دەرمان وەردەگرن، ئێستا کە وادیارە کەرەنتینە و قەدەغەی هاتوچۆ و داخستنی عیادەکان درێژە دەکێشێ بۆ چەند هەفتەیەکی تر، ئەم هەمو نەخۆشەی تر چی بکەن؟ بە تایبەتی نەخۆشی هەژار و کەمداهات لەم بێبازاڕی وبێکاری و بێموچەییەدا چی بکەن؟".

 
دەقی نامەکە..
نامەیەکی کراوە بۆ وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێم
بێگومان کردارەکانی خۆپارێزی لە وەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە کوردوستانا بڵاوبێتەوە لە پێش هەمو کردە پزیشکیەکانی ترەوەیە.بەڵام نابێت ئەو هەموە نەخۆشیە گەرم و سارد و درێژخایەنەی تر کە هاوڵاتیانی کوردوستان دەناڵێنن لە ژێریاندا، نەبینین و لەبیرمان بچنەوە.هەر بۆ نمونە نەخۆشیە درێژخایەنەکانی بەرزیی پەستانی خوێن و شەکرە و دڵ و پەرکەم و پارکینسۆن و ڕەقیی دەمارەکان و شیزۆفرینیا و خەمۆکیی توند و دوجەمسەری و..... کە مانگانە لە بنکە تەندروستیە حکومەتیەکان بە خۆڕایی دەرمان وەردەگرن، ئێستا کە وادیارە کەرەنتینە و قەدەغەی هاتوچۆ و داخستنی عیادەکان درێژە دەکێشێ بۆ چەند هەفتەیەکی تر، ئەم هەمو نەخۆشەی تر چی بکەن؟ بە تایبەتی نەخۆشی هەژار و کەمداهات لەم بێبازاڕی وبێکاری و بێموچەییەدا چی بکەن؟
بۆیە من پێشنیازدەکەم بە زوترین کات پلانێکی کۆنکرێتیی کار کە دوکتۆرانی پەیوەنددار پێیەوە پابەند بن ئامادەبکەن بۆ دابینکردنی لایەنی کەمی خزمەتگوزارییە تەندروستیە  حکومەتیەکان کە کەیسە زۆر گەرم و زۆرپێویستەکان بێ دواکەوتن چارەسەربکرێن لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیە حکومەتیەکاندا. دەکرێت بۆ نمونە بۆ هەر پسپۆڕیەک هێڵێکی تەلەفونی گەرمی چەند ژمارەیی ئامادەبکرێت بۆ هەمو پسپۆڕیەکان بۆ جیاکردنەوەی سەرەتایی ئەوەی کام نەخۆش پێویستیی بە بینینی کام دوکتۆری پسپۆڕ هەیە.بێگومان ئەم پلانە دەبێت هەمو پسپۆڕیەکان بگرێتەوە: دەرونی،هەناوی، منداڵان، ژنان و منداڵبون، ددان، مێشک و دەمار، قوڕگ و لوت و گوێ،چاو، نەشتەرگەری، ڕۆماتیزم... بێگومان دەبێت لە ئامادەکردنی ئەم پلانەدا سەندیاکای پزیشکان و ددانپزیشکان و دەرمانسازان و کارمەندانی تەندروستیی  کوردوستان و سەرۆک بەشەکان و سەرۆکی کۆمەڵەی پسپۆڕیەکان بەشداربن. 
بۆ دابینکردنی تێچوی ئەم پلانە جگە لە حکومەت داوابکرێت لە سەرمایەداران و خێرخوازان سندوقێکی کۆمەک لە ژێر سەرپەرشتیی بۆ نمونە ژورەبازرگانیەکان و کەسایەتیە پاک و دڵسۆزەکان بەڕێوەببرێت، ئەگەر دەرمانێک لە دەرمانخانە حکومەتیەکاندا نەبو، وە کەسەکە نەداربو، لەم سندوقە بۆی خەرج بکرێت.    




PM:02:01:26/03/2020