سەرکەوت شەمسەدین لەبارەی لێدوانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم پەیامێکی بڵاوکردەوە

سەرکەوت شەمسەدین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی ئایندە لەبارەی لێدوانێکی ئەمڕۆی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوەو دەڵێت" بەهۆی ئەو دۆخە تەندروستیە و راگیرانی دەوام لە بەغداد، هاتنی ئەو تەمویلە دواکەتووە".

سەرکەوت شەمسەدین لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە" ئەمرۆ ۲٦ ی ئازاری ۲٠۲٠، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رونکردنەوەیەکی پر لە زانیاری نا دروست و چەواشکردن بڵاوکردۆتەوە کە گوایە هۆکاری دواکەوتنی موچەی مانگی سێ ئەوەیە(بەهۆی ئەو دۆخە تەندروستیە و راگیرانی دەوام لە بەغداد، هاتنی ئەو تەمویلە دواکەتووە)".

 

ڕاشیگەیاند"  وتەبێژەکەی سەرۆکی حکومەت دەیەوێ ئەو راستییە بشێوێنێ کە عێراق پشکی هەرێمی بۆ مانگی دوو بێ دواکەوتن رەوانە کردوە، و ئەم
مانگەش پشکی هەرێم بۆ مانگی سێ دەنێرێ کە دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو، بەڵام خۆی لەوراستیە دەدزێتەوە کە ئەوان ئەو پارەیەی بۆمانگی دوو نێردراوە لە بەغداد نەیانداوە بە موچە جگە لە موچەی تەندروستی وهێزە ئەمنیەکان".

ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی ئایندە وتیشی" بۆیە راستترە وتەبێژی حکومەتی هەرێم بە راستگۆی زانیاریەکان بڵاو بکاتەوە و دان بەوەدا بنێ کە ئەو پارەیەی مانگی دوو لە بەغداوە نێردراوە حکومەتی هەرێم بۆ خەرجی هەندێ کۆمپانیا و قەرزی کۆمپانیاکانی نەوت بەکاری هێناوە. ئەمە سەرەرای ئەوەی موچەخۆرانی هەرێمهێشتا موچەی مانگەکانی ساڵی ۲٠۱۹ وەردەگرن".

لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرکەوت شەمسەدین دەشڵێت" وەک ئەرکی یاسایی و دەستوری خۆمان حکومەتی هەرێم بەرپرسیار دەکەین لە دەستبردن بۆ ئەو پارەیەی لە بەغداوە بەناوی موچەی فەرمانبەرانەوە دێت، بەپێچەوانەوە رێکاری یاساییان لەدژ دەگرینەبەر".



PM:07:59:26/03/2020