تەندروستی گەرمیان: ئەنجامی پشکنینی ٦٢٠ كەس نێگەتیڤ بوون


تەندروستی گەرمیان راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و كۆی پشكنینەكانی  كۆرۆنای سنورەكەی ئاشكراكردوە، كە ٦٢٠ كەسن و هەموویان نێگەتیڤ بوون.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان ئاماژەی بەوەکردووە" تائێستا لەگەرمیان پشكنینی تاقیگەیی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (كۆڤید 19) بۆ نزیكەی (٦٢٠) نمونە ئەنجامدراوە، دەرەنجامی هەموشیان نێگەتیڤ بون و خۆشبەختانە كەسیان هەڵگری ڤایرۆسەكە نەبون".

تەندروستی گەرمیان ڕاشیگەیاند" ئەم زانیارییە دڵخۆشكەرەیە دەبێت هاندەرمان بێت بۆ بەردەوامبون لە پابەندبون بە مانەوە لە ماڵەكانمان و جێبەجێكردنی رێنماییە تەندروستیەكان، نەك بەپێچەوانەوە بە هەند وەرنەگرتنی ئەو رێنماییانە و حساب بۆ نەكردنیان، چونكە مەترسی ڤایرۆسەكە تائێستاش بە توندی بونی هەیە و هیچ نەڕەویوەتەوە، بەڵكو تۆماركردنی بەردەوامی حاڵەتەكانی ڤایرۆسەكە لە ناوچە و شارەكانی دەوروبەر و نزیكی گەرمیان، رادەی مەترسیەكە لەسەر ناوچەكەمان زیاتر دەكات".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا تەندروستی گەرمیان داواشی لە هاوڵاتیان کرد، كە بە گرنگییەوە لە رێنماییەكان بڕوانن، لە ماڵەكانتان مەیەنە دەرەوە و تێكەڵ بە كەس مەبن، بەردەوام بن لە گرتنەبەری رێكارە تەندروستیە خۆپارێزییەكان، بەتایبەتی لە دەستشۆردن بەشێوەی دروست و پاكوخاوێن راگرتنی خود.

جەختیشکردەوە: ئەزمونی وڵاتانی دیكە سەلماندویەتی كە باشترین ئامراز بۆ روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسەكە، خۆپارێزیە، لەرێگەی دوركەوتنەوە لە قەرەباڵغی و تێكەڵ نەبون بە خەڵكی و مانەوە لەماڵەوە، لەگەڵ راگرتنی پاكوخاوێنی بەشێوەیەكی بەردەوام.





PM:08:22:26/03/2020