وەزارەتی دارایی ڕونکردنەوەیەکی لەبارەی موچە بڵاوکردەوە

وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنوەیەکی لەبارەی موچە بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند" بە پێویستمان زانی روونکردنەوە لەسەر دوو هەواڵی هەڵبەستراو بدەین، لەماوەی هەشت مانگی دەستبەکاربوونمان لەکابینەی نوێدا هەشت مانگ مووچەمان دابەشکردووە، وە هەروەها بەغداش هەشت مانگ تەمویلی ناردوە لەو ماوەیەدا بۆ مووچە (لە ساڵی ٢٠٢٠ تەنها سێ تەمویلی ناردووە)، وە ئێمەش سێ مانگ موچەمان لە ساڵی ٢٠٢٠ دابەشکردووە، وە بە بڕوایەکی تەواوە دەڵێین نە حکومەتی بەغدا ئامادەیە موچەی زیاد بنێرێت بۆ هەرێم، وە یاسای بودجەی عێراقیش رێگرە لەوەی هیچ موچەیەکی زیاد خەرج بکرێت)".

دەقی ڕونکردنەوەکەی وەزارەتی دارایی:

ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریەوە لەم دۆخە نەخوازراوە کە پێویستە هەموو لایەک بە جیاوازی ئینتیمای سیاسیەوە، هاوکاربن و وەک یەک تیم کاربکەین بۆ ئەوەی میللەتەکەمان بە کەمتریین زیان رزگاری بێت، بەداخەوە هەندێک کەس بەمەبەست لە مەترسی ئەو دۆخە تەندروستی و داراییە خۆیان نادان دەکەن و هەوڵی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و چەواشە دەدەن و یاری بە هەست و سۆزی هاوڵاتیان دەکەن.

بە پێویستمان زانی روونکردنەوە لەسەر دوو هەواڵی هەڵبەستراو بدەین کە بریتیین لە: ١- لەماوەی هەشت مانگی دەستبەکاربوونمان لەکابینەی نوێدا هەشت مانگ مووچەمان دابەشکردووە، وە هەروەها بەغداش هەشت مانگ تەمویلی ناردوە لەو ماوەیەدا بۆ مووچە (لە ساڵی ٢٠٢٠ تەنها سێ تەمویلی ناردووە، وە ئێمەش سێ مانگ موچەمان لە ساڵی ٢٠٢٠ دابەشکردووە، وە بە بڕوایەکی تەواوە دەڵێین نە حکومەتی بەغدا ئامادەیە موچەی زیاد بنێرێت بۆ هەرێم، وە یاسای بودجەی عێراقیش رێگرە لەوەی هیچ موچەیەکی زیاد خەرج بکرێت). بەڵام بەرێزێک ئاماژە بەوە دەکات کە لە ماوەی ٢٣ رۆژدا بەغدا دوو مووچەی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، بەڵام ئەو بەرێزە ئاماژە بەوە ناکات، کە بەشێکی زۆری وەزارەت و دامەزراوەکان موچەی مانگی ١١ ی ٢٠١٩ یان لە رۆژانی نێوان ٢ بۆ ٧-٣-٢٠٢٠ وەرگرتووە، وە خشتەی دابەشکردنی موچەی مانگی ١٢ی ٢٠١٩ لە رۆژی ٩-٣-٢٠٢٠ دەستی پێکرد.

دەبوایە بەرێزیان ئاماژەیان بەوە بکردایە کە تەمویلی بەغدا هی مانگی رابردوو دواکەوت بۆ بەرواری ٢-٣-٢٠٢٠ وە هەروەها تەمویلی مانگی ٣ دواکەوت بۆ ٢٦-٣-٢٠٢٠ کە هەردوو نووسراوی تەمویلی مانگی ٢ هەروەها مانگی ٣ ی ٢٠٢٠ کە ئێمە مووچەی مانگی ١١ و ١٢ ی ٢٠١٩ پێ دابەشدەکەین هاوپێچ دەکەین لەگەڵ ئەم روونکردنەوەیە بۆ ئەوەی راستیەکان وەک خۆیان بگەن بە هاوڵاتیانی ئازیزی خۆمان.

٢- لەماوەی رابردوودا لە لایەن بەرێز خاوەنی ئاسیا حەواڵەوە پێشنیارێک دراوە بە بەرێز پارێزگاری سلێمانی، ئەویش بەرزی کردۆتەوە بۆ وەزارەتی دارایی وئابووری و ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی مووچە لە رێگای ئەوانەوە دابەش بکرێت، بەڵام ئەم پێشنیارە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پەسەند نەکراوەو رەتکراوەتەوە، وە هەروەها بەرێز پارێزگاری سلێمانی و خاوەنی ئاسیا حەواڵە لەو بریارە ئاگادارکراونەتەوە، بەڵام ئەم بابەتەش لە لایەن ئەو بەڕێزەوە بە شێوەیەکی نەشیاو بڵاوکراوەتەوە بە بێ ئەوەی پرسیار لە لایەنی تایبەتمەند بکات کە وەزارەتی دارایی و ئابورییە بۆ راستی و دروستی بابەتەکە.

لە کۆتاییدا هیواخوازین لە نزیکتریین کاتدا ئەم قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنایە کۆتایی پێبێت بۆ ئەوەی بتوانین بەپشتیوانی خوای گەورە هەنگاوی گرنگ لە پرۆسەی چاکسازی و پەرەپێداندا بنێین. وە دڵنیایی دەدەیین بە مووچە خۆرانمان کە هەموو توانایەکمان بەکاردەهێنین بۆ دابینکردنی مووچە، وە ئەوەش دوپات دەکەینەوە کە بەرێز وەزیری دارایی و ئابووری پێشنیاری دەستکاریکردنی موچەی نەکردووە، وە هەروەها یاساش دەسەڵاتی دەستکاریکردنی مووچەی نەداوە بە وەزارەتی دارایی و ئابووری.

PM:04:09:27/03/2020