پارتی لەهەڵبجە تەنها 700 دەنگ زیادیكردووە

‌سه‌عید پشده‌ری
لە كاتێكدا مەسعود بارزانی‌و نێیچیرڤان بارزانی ئیمزایان لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵبجە كرد، بەڵام حیزبەكەیان كە پارتیە تەنها 700 دەنگی لەو پارێزگایە زیادكردووە.
بارزانی سەرۆكی (ماوە بۆ درێژكراوەی) هەرێم لە 7ی ئازاری 2014 دا بڕیاریدا كە هەڵبجە بكرێتە پارێزگا‌و لەو دەمەوە چاودێران پێیانوابوو دەنگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو پارێزگا نوێیە بەرێژەیەكی بەرچاو روو لەهەڵكشان دەكات، بەڵام بەپێچەوانەوە تەنها 700 دەنگ بەبەراورد بە هەڵبژاردنی ئەیلولی 2013 زیادیكردووە.
بەرپرسی لقی 12 پارتی لەو پارێزگا نوێَیە سەعید پشدەری بە ماڵپەری حیزبەكەی KDP.info راگەیاندووە "بەپێی ئەنجامە بەراییەكان پارتی نزیكەی 700 دەنگی زیادكردووە".
ئەو بەرپرسە وتویەتی " ئێمە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بەرەوڕووی مۆدێلێكی نوێی كاركردنی حزبایەتی  بووینەوە كە ئەویش ئەوە بوو ئێمە نە لە دەسەڵات بووین و نە ئۆپۆزسیۆن بووین، بۆیە زۆر كات ئێمە نەمانتوانیوە وەكو پێویست ئەدای كارەكانمان بكەین و بتوانین بەدواداچوون بۆ كارەكانی خۆمان بكەین لەلایەك جەماوەری پارتی و خەڵكی سنوورەكە پێی وابوو كە پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی كوردستان حزبی پلە یەك و باڵادەستە لە دەسەڵاتدا، بۆیە چاوەڕوانییەكی زۆریان هەبوو لە هەمان كاتیشدا ئێمە لە سنووری لقی 12 هیچ جۆرێك لە دەسەڵاتمان نەبوو لەناو فەرمانگە و ئۆرگانە حكوومییەكانی ئەو سنوورە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشتر، لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بەپێی ئەنجامە بەراییەكان پارتی دیموكراتی كوردستان نزیكەی 700 دەنگی زیادی كردووە".



AM:09:25:09/05/2014