" حکومەتی هەرێم ئارد دابەشدەکات "

نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی بازرگانی لە لێدوانێکدا بۆ سایتی پارتی ڕایگەیاند" حكومەت دەستی بە كڕینی خۆراك كردووە بۆ ئەوەی بە خۆڕایی بەسەر هاوڵاتیانی هەژاردا دابەشی بكات".

 

نەوزاد ئەدهەم لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە" حكومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە كڕینی خۆراك كردووە بۆ ئەوەی بە خۆڕایی بەسەر هاوڵاتیانی هەژاردا دابەشی بكات، رۆژی یەكشەممە ٤٨ هەزار تۆن ئاردی مانگانە بەسەر هاوڵاتیانی هەرێم دابەش دەكرێت، کە ٦٠ هەزار تۆن گەنم بەسەر ئاشەكاندا دابەش كراوەو ٤٨ هەزار تۆن ئاردی لێ دروست دەبێت".

 

وتیشی" ئەو ئاردە، بەشەخۆراكی مانگانەیە و حكومەتی عێراق دابینی كردووە، كە هەر هاوڵاتیەك ٩ كیلۆ ئارد وەردەگرێت بەمەش نرخی ئاردا لە بازاڕ دادەبەزێت".

 

بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی بازرگانی لە لێدوانەکەیدا جەختیشیکردەوە" حكومەتی هەرێم دەستی بە كڕینی ماددەكانی خۆراك كردووە و تائێستا زەیت و ئاردی سفریشی كڕیوە".

 

نەوزاد ئەدهەم دەشڵێت" ئاردەكە رۆژی سێشەممەی داهاتوو لە توركیاوە دەگاتە هەرێم و بە خۆڕایی بەسەر هاوڵاتیانی هەژار دابەش دەكرێت، هاوکات حكومەتی هەرێم هەر جارەو ماددەیەك زیاد دەكات، بۆ ئەوەی ئەوانەی هەژارن، پێویستیان بە خۆراك نەبێت و حكومەت بە خۆڕایی بەسەریاندا دابەشی دەكات".



PM:01:46:02/04/2020