ماوەی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس هێمن مامەند درێژکرایەوە

دادگای لێکٶڵینەوەی هەولێر ئەمڕۆ ٢ی نیسان بڕیاری درێژکردنەوەی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس هێمن مامەندی دەرکرد.

بەشداری حەسەن پارێزەر کە لەگەڵ چەند پارێزەرێکی تردا ئەرکی بەرگریکردن لە رۆژنامەنووس هێمن مامەندیان خستۆتە ئەستۆ، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند داوایان کردووە بە کەفالەت ( هێمن مامەند) ئازاد بکرێت.

ئەو پارێزە ئاشکرای کرد کە دادوەری دادگای لێکٶڵینەوەی هەولێر ماوەی دەستگیرکردنەکەی تا ١٤ی نیسان درێژکردەوە.

شەوی ٢٤ ی ئازار پۆلیس، هێمن مامەندیان لەماڵەکەی خۆیدا دەستگیرکرد، لەسەر داوایەکی پارێزگاری هەولێر، بەبەهانەی نووسینی پۆستێک لە فەیسبووک کە ئەو رۆژنامەنووسە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە پابەند نابێت بە قەدەغەکردنی هاتوچۆوەو خۆپیشاندان دەکات، ئەگەر دابەشکردنی مووچە دوا بکەوێت.  

 


PM:08:47:02/04/2020