وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان: هەڕەشە و مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئاستێکی بەرزدایە

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت" هەڕەشە و مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئاستێکی بەرزدایە". هاوکات وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەکرد"  ئەو بڕیارانەی داویانە لەپێناو بەرژەوەندی گشتییە".

 

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکۆنگرەیەکی هاوبەش لەگەڵ وەزیری تەندروستی رایگەیاند" دوای راوێژکردن لەگەڵ پارێزگار و ئیدارە سەربەخۆکان و وەزارەتی تەندروستی دوێنێ شەو ىڕیار درا بە قەدەغەکردنی هاتووچۆ بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر ئەم بڕیارەش بەمەبەستی پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنە بۆ ئەو بڕیارانەی پێشتر داومانە".

 

ئاماژەی بەوەشكرد" هەندێك كەس بەجدی بابەتی كۆرۆنایان وەرنەگرتووە، هەروەها هەڕەشە و مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئاستێكی بەرزدایە جەختیشكردەوەـ لێـتان ناشارینەوە مەترسی ئەوەمان هەیە كە خەڵكێكی زیاتر لە ناو كۆمەڵگەدا تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو بێت".

 

ڕاشیگەیاند" ئەم ٤٨ كاتژمێرە بۆ ئەوەبوو نەفەسێك بدەین بە هێزە ئەمنییەكان و لیژنەكان چونكە فشارێكی زۆریان لەسەر بووە، بۆیە بڕیارەكە بۆئەوەیە پێداچوونەوە بكەن بۆ ئەوەی ژیانی تیمەكانی تەندروستی باشتر بپارێزین، چونكە ئەوەی تائێستا كراوە نابێت ئەو هەموو ڕێگەپێدانانە بكرێت، ئەو ٤٨ كاتژمێرەمان داوە بە ئیدارەكان".

 

هاوکات سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند" ئەو بڕیارانەی داومانە لەپێناو بەرژەوەندی گشتییە، هەروەها گرتنەبەری رێککارەکانی حکومەت بەهەزارن کەسی لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا پاراست".

وەزیری تەندروستی وتیشی" تکا دەکەین هاوڵاتییان نەیەنەدرێ لەماڵەوە و خۆیان بپارێزن، چونکە ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونی هەیە".

 
 
 
 


PM:04:14:04/04/2020