شاعیری ناوداری خەڵکی شاری مەهاباد (ناسر ئاغابرا) کۆچی دوایکرد

شاعیری ناوداری خەڵکی شاری مەهاباد (ناسر ئاغابرا)، ناسراو بە (ژاکاو) لە تەمەنی ٥١ ساڵی کۆچی دوایی کرد.

 

بەپێی زانیارییەکان، دوێنێ یەکشەممە ٥ی نیسانی ٢٠٢٠ شاعیری دیارو نیشتمانپەروەری خەڵکی شاری مەهاباد، (ناسر ئاغابرا ) بەهۆی وەستانی دڵ لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.

 

ناسر ئاغابرا لە ٢٠ی خەرمانانی ١٩٦٩ لە گوندی (بەردەڕەشان) لە بنەماڵەیەکی وەرزێر لەدایک بووەو لە تەمەنی سێ ساڵیدا تووشی نەخۆشیی سوورێژە دەبێ کە بەچاو دەیگرێ و چاوەکانی لە دەست دەدا.

 

ناوبراو هەر لە منداڵییەوە دەستی بە هۆنینەوەی شێعر کردوە و، لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی شیعر و وتارنووسی لە شاری مەهاباد بەشداری کردوە و لە زۆربەی کێبەرکێیەکاندا خەڵاتی وەرگرتوە.

ژاکاوی شاعیر دوو کتێبە شێعری بە ناوەکانی (کەژاوەی دڵ و تریفەی ئاوات) چاپ و بڵاو بووەتەوە.

جگە لە شیعر لە بواری نووسینی تەنز، شانۆ و چیرۆکنووسیش دەستێکی باڵای هەبووە.




AM:12:14:06/04/2020