پۆلیسی سلێمانی: ئەوانەی تەقەیان بەسەر ئەمبوڵانسێكدا كرد دەستگیركران

چوار تۆمەتبار دەستگیركران كە تەقەی خۆشییان بەسەر ئۆتۆمبێلێكی فریاكەوتنی تەندروستیدا كردبوو.

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لەراگەیەنراوێكیدا كە وێنەیەكی دەست "سپی" کەوتووە رایگەیاند" مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی شارەزور چوار تۆمەتباریان دەستگیركرد كە تەقەی خۆشیان بەسەر ئۆتۆمبێلێكی فریاكەوتنی تەندروستیدا كردبوو".

دەشڵێت" لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گرتە ڤیدیۆیەك بڵاوكرایەوە كە چەند كەسێك تەقە بەسەر ئۆتۆمبێلێكی فریاكەوتنی تەندروستیدا دەكەن كە نەخۆشێك دەگوازێتەوە بۆ گوندێك لەسنوری قەزای شارەزور".

رونیشیكردوەتەوە: عەمید ئاسۆ شێخ تەها بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بەشی پۆلیسی شارەزوری راسپارد كە هەستن بەدۆزینەوەی تۆمەتباران و دەستگیركردنیان، مەفرەزەكانیش لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكردو توانرا لەلایەن بنكەی پۆلیسی وارماوای سەربە بەشی پۆلیسی شارەزور چوار تۆمەتبار دەستگیربكرێن.

پۆلیسی سلێمانی ڕاشیگەیاند" لەئێستادا تۆمەتباران (ن.ع.ح،  أ.م.م، أ.أ.م، أ.ق.ع) بەبڕیاری دادوەر راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە".



PM:05:51:06/04/2020