ئەمڕۆ دووشەممە ٦/٤، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە رێگەی ڤیدیۆ كۆنفراسەوە، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا-ی لە ھەرێمی كوردستان، کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە دوا رێکار و ئامادەکارییەکانی قۆناغی داھاتووی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا كرا لە هەرێمی کوردستان، هەروەها هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیار و رێنماییە تەندروستییەکان، کرا.
جیگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ستایشی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارە جێبەجێكارەكانی پلانی پاراستنی ھاوڵاتیانی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا كرد، ھەروەھا سوپاسی خەڵكی كوردستانی كرد لەبەر پابەند بوونیان بە رێنماییەكان و ئاماژەی بەوەدا؛ كە ئەركی حكومەتە پێش ھەموو شتێك ژیانی ھاوڵاتیانی بپارێزێت، و ئەم پلانانەی حكومەتیش هەر بۆ ئەو مەبەست و ئامانجەیە.
دواتر وەزیری تەندروستی راپۆرتێکی لەبارەی دواپێشهاتەکانی بڵاو بوونەوەو ئامارەکانی تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد، هەروەها ئاماژەی بە پلانەکانی وەزارەتی تەندروستی كرد بۆ قۆناغەی داهاتوو و پێداویستییەکانی خستەڕوو بۆ ئەوەی پلانەکانیان بە باشترین شێواز جێبەجێ بکەن.
پاش گفتوگۆیەکی وورد لەبارەی دوا رێکارەکان و هەنگاوەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئەم بڕیارانە دران:
١- بەردەوام بوونی بڕیاری پێشووی قەدەغەکردنی هاتووچۆی تەواو بۆ ٤٨ سەعات وەک ئێستا تاوەکو کاتژمێر ١٢ ی ئەمشەو.
٢- بۆ ڕێکخستنەوەی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ کە تا ١٠-٤-٢٠٢٠ بەردەوام دەبێت ڕاگەیاندراوی نوێ لە لایەن وەزارەتی ناوخۆ وپارێزگارەکان و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان دەردەچێت بۆ دابینکردنی پێداویستی ڕۆژانەی ھاولاتیان لە ڕێگای ڕێکاری نوێ و دیارکردنی کات وشێوازی کارکردنیان بە ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندروستیەکانی خۆپارێزیی وتایبەتمەندیی یەکە کارگێڕییەکان بەو شێوەیەی لە لایەن بەڕێز وەزیری ناوخۆ لە کۆبونەوەکەدا خرایە ڕوو
٣- کاتێک دیاری بکرێت بۆ رێزگرتن لە فەرمانبەران و کارمەندانی ماندوونەناس کە خزمەتی هاوڵاتییان دەکەن و ژیانیان دەپارێزن، دواتر شێوازی رێزگرتنەکە دیاری دەکرێت.
٤- سوپاسی هاوڵاتیان دەکرێت لەپای پابەندبوونیان بە رێنماییەکان، هەروەها ستایشی وەزارەت و کارمەندانی جێبەجێکاری بڕیارەکان کرا.
٥- وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بە جێبەجێکردنی رێکار و رێنماییەکان، راسپێردران کە راپۆرتی خۆیان ئامادە بکەن بۆ قۆناغەکانی داهاتوو، بە ڕچاوکردنی ژیان و سەلامەتی هاوڵاتیان.
٦- وەزارەتی ناوخۆ لیژنەیەک پێکدەهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوی پەلاماردانی پزیشكێك لە سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی لەو حاڵەتە بگیرێتە بەر.