بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی: ئەوانەی بێڕێزیان بەرامبەر پزیشکەکە کرد دەستگیرکران



بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی، لیوا حەسەن نوری، رایاگەیاند" ئەوانەی بێڕێزیان بەرامبەر پزیشكەكەی سلێمانی كردبوو دەستگیركران و ڕووبەڕووی یاساو دادگا دەكرێنەوە و بەناوی هێزە ئەمنیەكانی سلێمانیش داوای لێبوردن لەپزیشكان و كارمەندانی تەندروستی دەكەین".


لیوا حەسەن نوری، بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی لە لێدوانیکی رۆژنامەوانی رایگەیاند" ئەو رووداوە نەخوازراوەی لەیەكێك لە خاڵەكانی پشكنین و چاودێریكردنی قەدەغەی هاتووچۆ ڕوویدا ڕەفتارێكی ناشایستەی تاكەكەسی بووە پێویستە لەسەر هەموولایەك ڕێز لەماندووبوون و شەونخونی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی بگرن كە لەسەنگەریپێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنان".


نوری روونشیكردەوە " بەچاوی رێزەوە لەرۆڵی ئازیزانمان لەكەرتی تەندروستی دەڕوانین و لەچەند رۆژی رابردووش هێزەئەمنییەكانی سلێمانی گوڵبارانی پزیشك و كارمەندانی تەندروستیان كرد، ئەم وێنە جوانە هیچ كەسێكی نابەرپرس ناتوانێت بیشێوێنێت و تەئكیدیش دەكەینەوە لەیەكخستنی زیاتری هەموو تواناكان بۆ جێجەجێكردنی ڕێنمایی و ڕێكارە تەندروستی و كارگێڕییەكان بۆ پاراستنی سەلامەتی هەموولایەك".


لقی سلێمانی سەندیكای پزیشكانی كوردستان ڕایگەیاندبوو، بەداخەوە ئەمڕۆ پزیشكی پسپۆڕی بێهۆشكاری لە كارەكەی گەڕاوەتەوە و ویستویەتی بچێت بۆ كارێكی دیكە لە ڕێگەدا مەفرەزەیەكی هێزەكانی ناوخۆ لای زیلە ‌سوتاوەكە زۆر نەشیاوانە مامەڵەیان لەگەڵ كردووە و دەشڵێت،”ژمارەیەك لە كارمەندانی هێزەكان پەلامار و لێدان وسووكایەتیان پێكردووە".
 


PM:08:44:06/04/2020