كۆرۆنا تاجه‌كه‌ی به شاجوانی ئینگلته‌را دانا
شاجوانی ئینگلته‌را-ی 2019 گه‌ڕایه‌وه سه‌ر كاری پزیشكی خۆیی و وه‌ك كاری خۆبه‌خش له‌نه‌خۆشخانه‌كانی به‌ریتانیا بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا ده‌ستی به خزمه‌تكردن كرده‌وه.
پاهشه مۆكارجی پشوویه‌كی كورتی له‌كاری پزیشكی وه‌رگرت له دوای ئه‌وه‌ی تاجی شاجوانی ئینگلته‌رای له‌سه‌رنا له‌كێبڕكێی شاجوانانی ئینگلته‌را له كانوونی یه‌كه‌می 2019.
له‌ماوه‌ی رابردوودا وه‌ك نوێنه‌ری چه‌ند كارێكی خێرخوازی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانه‌وه بانگهێشت كراوه و ئامانجه‌كه‌شی به‌و رێڕه‌وه د‌یاریكردبوو كه كه‌لوپه‌له پزیشكییه‌كه‌ی كۆكاته‌وه و جه‌خت بخاته سه‌ر كاری خزمه‌تگوزاری تا ئابی 2020.
مۆكارجی به سی ئێن ئێن-ی راگه‌یاندووه له‌لایه‌ن توركیا، ئه‌فریكا، هيندستان، پاكستان و ژماره‌یه‌كی زۆر له ده‌وڵه‌تانه‌وه بانگهێشت كراوه تا ببێت به نوێنه‌ری چه‌ند كارێكی خزمه‌تگوزاری.
له‌سه‌ره‌تای مانگی ئادار دوای ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، شاجوانی ئینگلته‌را نامه‌یه‌كی له‌لایه‌ن هاوڕێ دێرینه‌كانییه‌وه له نه‌خۆشخانه‌ی بیلگریم له بۆستن-ی خۆرهه‌ڵاتی ئینگلته‌را، پێده‌گات كه تێدا دۆخی خراپی كارمه‌ندان ده‌خه‌نه‌ڕوو بۆیه ئه‌ویش دوای بانگهێشته‌كه‌ی هاوڕێكانی به‌رگی پزیشكی ده‌پۆشێته‌وه و ده‌ست به‌كاری پێشووی ده‌كات.
شاجوان به سی ئێن ئێن ده‌ڵێت: "هه‌ست ده‌كه‌م هه‌ڵه‌بووم كه تاجی شاجوانیم له‌سه‌رنا هه‌رچه‌نده بۆ كاری خێرخوازیش بێت. ئێستا كه كۆرۆنا به‌رۆكی هه‌موو جیهانی گرتووه هه‌ستده‌كه‌م پیشه‌كه‌ی پێشووم چه‌ند به‌رز و گه‌وره‌یه".
مۆكارجی له‌ته‌مه‌نی 9 ساڵییه‌وه له شاری كۆڵكاتا-ی هيندستانه‌وه گه‌یشتووه‌ته ئینگلته‌را، بۆیه ده‌ڵێت: "هه‌ستده‌كه‌م ئینگلته‌را ئێستا پێویستی به منه".
شاجوانی ئینگلته‌را پسپۆری له بواری پزیشكی هه‌ناسه‌داندا هه‌یه و ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه له كاره‌كه‌ی دووركه‌وتووه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا تاجه‌كه‌ی دانا و گه‌ڕایه‌وه بۆ كاری سه‌ره‌كی خۆی.
تا رۆژی 7ی نیسان له به‌ریتانیا زیاتر له 51 هه‌زار و 608 كه‌س به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه گه‌یه‌نراونه‌ته نه‌خۆشخانه‌كانی به‌ریتانیا و زیاتر له 5 هه‌زار و 373 كه‌سیش مردوون.
AM:11:24:07/04/2020