بەپێچەوانەی زانیاریەکانی حکومەتەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان ٣٨٠ کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە

رێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند " بە گیان لە دەست دانی ٢١ کەسی دیکە بە هۆی توشبوون بە پەتای کۆرۆنا، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەکوردستان بە هۆی توشبوون بە پەتای کرۆناوە گیانیان لە دەست داوە گەیشتە ٣٨٠ کەس". لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێت ١٩٦ کەس گیانیان لەدەستداوە.


لە نوێترین راگەیاندنیدا رێکخراوی هەنگاو بڵاویکردەوە " بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٢١ هاووڵاتیی دیکە لە شارەکانی کامیاران (٢ حاڵەت)، بانە (٢ حاڵەت)، سنە (٢ حاڵەت)، قوروە (١حاڵەت)، بیجاڕ (١حاڵەت)، پیرانشهر (١حاڵەت)، بۆکان (٢حاڵەت)، ئورمیە (٣ حاڵەت) ، خۆی (٢ حاڵەت)، میاندواو (١حاڵەت)، دێلوڕان (١ حاڵەت)، ئیلام (١ حاڵەت)، قەسری شیرین (١ حاڵەت)، کرماشان (١ حاڵەت) و سونقوڕ(١حاڵەت) بە هۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا گیانیان لە دەست داوە کە چوار کەسیان لە شارەکان ئورمیە، کامیاران، میاندواو و قەسری شیرین ژن بوون".

 
ئەو رێکخراوە دەڵێت "بە هۆی نەبوونی سیستەمێکی ڕاگەیەنادنی فەرمی و جێگای متمانە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە ئەرکی زانیوە کە بە وەرگرتنی زانیاری لە سەرچاوەی جێگای متمانە لەمەوبەدوا ژمارەی قوربانیانی توشبوو بە پەتای کۆرۆنا لە کوردستان بە شێوەی ڕۆژانە بڵاو بکاتەوە".


هەنگاو زانیاری وردتر بڵاودەکاتەوە" بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لانیکەم ٣٨٠ هاووڵاتیی کورد لەو ماوەیەدا بە هۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆناوە گیانیان لە دەست داوە کە ١١٦ کەسیان ژن و ٢٦٤ کەسیان پیاو بوون".


جیا کردنەوە بە پێی پارێزگاکان
پارێزگای ئیلام: ٦٠ حاڵەت (١٩ ژن و ٤١ پیاو)
پارێزگای کرماشان : ٧٩ حاڵەت (٢٧ ژن و ٥١ پیاو)
پارێزگای سنە: ١٣٥ حاڵەت (٣٨ ژن و ٩٧ پیاو)
پارێزگای ئورمیە: ١٠٦ حاڵەت (٣٣ ژن و ٧٣ پیاو)


تۆمار کردنی ئەو ئامارانە لەلایەن هەنگاو لە حاڵێکدایە کە حکومەتی ئێران تەنیا ١٩٦ حاڵەتی بڵاو کردووەتەوە و بە پێی ئامارە حکوومەتییەکان لە پارێزگای سنە ٧٨ کەس، ئورمیە ٧٢ کەس، کرماشان ٢٩ کەس و ئیلام ٢٧ کەس بە هۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا گیانیان لە دەست داوە. 




PM:03:36:07/04/2020