ئەمڕۆ ٧ی نیسان لە ئاسمانی هەولێر دیاردەی (كۆڕۆنای خۆر SUN CORONA) ) دەركەوت، کەشناسی هەرێم روونکردنەوە دەدات جەخت لەسەر ئەوە دەکات کە هیچ پەیوەندیەکی بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە نییە.
کەشناسی هەرێم لە روونکردنەوەیەک لەسەر دەرکەوتنی کۆرۆنای خۆر لە ئەسمانی پارێزگای هەولێر دەڵێت "بەر لە هەموو شتێك ئەو دیاردە ئاسمانییە بەهیچ جۆرێك هیچ پەیوەندییەكی بە (پەتای كۆڕۆنا) وە نییەو تەنها لێكچوونی ناوەكەیە".
کەشناسی لە روونکردنەوەیەکدا لە پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیوویەتی"كۆڕنا – یان چەپكە- ی خۆر- Sun Corona) یان (كۆڕۆنای مانگ) دیاردەیەكی فیزیاییەو لەنێو بەرگەهەوای زەویدا روودەدات و بریتییە لە شكانەوەو شیبوونەوەی تیشكی خۆر، یان رووناكی مانگی تێپەڕبوو بەنێو دڵۆپەی ئاوی شل یا سەهۆڵبووی چینە هەورە بەرزەكان و دروستبوونی چەپكەیەك یان چەندین چەپكەی رەنگاو رەنگی پەلكە زێڕینەیی لە دەوروبەری دیسكی گەشی خۆر یان رووناكی مانگ بە پێوانەی 15 پلە، كە نزیكە لە دیاردەی (خەرمانەی 22 پلەیی خۆر و مانگ – Sun and Moon Halo) بەڵام ئەمەی دوایی زۆر گەورەترەو زۆرتر روو دەدات بە بەراورد لەگەڵ (كۆڕۆنای خۆر یان مانگ)).
هەروەها کەشناسی دەشڵێت "كۆڕۆنای خۆر بە شێوەیەكی گشتی خاوەن چەقێكی زۆر گەشە كە هەمان ئەو ناوچەیە كە دەوری خۆر یان مانگی چواردەی داوەو شێوەشی بە زۆری هێلكەییە، قەراغی دەرەكیی ئەو ناوچە گەشە رەنگی زەردو سوورەو لە دوای ئەو ئەڵقەیەك یان چەند ئەڵقەیەكی بازنەیی داخراوی یەك لە دوای یەك بە رەنگی پەلكە زێڕینە دەردەكەوێت، بە تایبەتیش رەنگەكانی سەوزو زەردو سوور".
کەشناسی ئەوەش دەخاتەڕوو کە ئەم دیاردەیە بە تەواوی جیاوازە لەو ناوچەیەی كە بە (خەرمانەی دەرەكیی خۆر – Solar Corona) ناسراوە، چونكە ئەمەیان لە دەرەوەی بەرگە هەوای زەوییەو بە سەدان ملیۆن كیلۆمەتر لێمانەوە دوورەو راستەوخۆ لە دەوری خودی خۆرە.
جێگای ئاماژەیە كەوا لە 2018.3.13 هەمان دیاردە لە ئاسمانی هەرێمی كوردستاندا دەركەوت و یەكێ لەو گرتانەم لە ماڵپەڕی (كۆمەڵەی رێزگرتنی هەور – Cloud Appreciation Society) ی جیهانیدا بڵاوبۆوە).
کەشناسی لە کۆتاییدا دەڵێت "ماوەتەوە بڵیین، ئەم دیاردەیە بە هیچ شێوەیەك هیچ زیانێكی نییە بۆ سروشت یان تەندروستی مرۆڤ".