حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردوە

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر هەواڵی دروستکردنی چەند بنکەیەکی سەربازی ئەمریکی لە هەرێم بڵاوکردوە و دەڵێت" ئەو هەواڵانە دورن لەڕاستیەوە".

 

لە ڕوونکردنەوەکەدا فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەکردووە" بەداخەوە ماوەیەکە سایتی (بولتن نیوز)ی ئێرانی بەردەوامە لە هۆنینەوەی درۆ و بڵاوکردنەوە بابەتی دڵرەشانە لە دژی هەرێمی کوردستان کە دوورن لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکیان نییە".

 

ڕاشیگەیاندووە" دوا بابەتی هەڵبەستراویشیان شرۆڤەیەکە گوایا ئەمەریکا بە هاوکاری سەرۆک بارزانی و سەرکردە سوننەکان خەریکی دانانی چەند بنکەیەکی سەربازییە لە هەرێمی کوردستان وناوچە سوننیەکان".

هاوکات هەر لە ڕونکردنەوەکەدا فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەڵێت" ئێمە لە کاتێکدا سەر لەبەری ئەم راپۆرتە هەڵبەستراوە بەدرۆ دەخەینەوە ، داوا لە بەرپرسانی سایتی( بولتن نیوز ) و ئەوانەی لە پشت پەردەشەوە هەڵیاندەسورێنن دەکەین لەم بارودۆخە سەختەی کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا جیهان و ناوچەکەی گرتووەتەوە و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بە سەختی گیرۆدەی ئەو ڤایرۆسە بووە ، بابەتەکانیان زیاتر بۆ خزمەتی بەرژەوەندی گشتی و سەقامگیریی ناوچەکە بێت".

لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو: عێراق وڵاتێکی سەربەخۆیە و بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆی بڕیار دەدات و پێویستی بەوە نییە خەڵکێک لە دەرەوەی سنوورەوە بەپێی ویستی خۆی ئاراستەی بکات . بوونی ھێزی ھاوپەیمان لە عێراق لە چوارچێوەی رێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکانی حکومەتی فیدرال و ھێزی ھاوپەیمانان بووە. بۆیە چەواشەکارییەکانی ئەم جۆرە سایتانەش تەنیا نیازی ئاژاوەگێری و فیتنەیان لە پشتە.

 


PM:10:00:07/04/2020