پارێزگاری سلێمانی پەیامێك ئاراستەی میدیاكان و كەسایەتییە ئاینییەكان دەكات

پارێزگاری سلێمانی له‌په‌یامێكیدا سوپاسی كه‌سایه‌تییه‌ ئاینییه‌كان ده‌كات و داوایه‌كیش ئاراسته‌ی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن ده‌كات. 

 

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی، پەیامێكی ئاراستەی میدیا و تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان و مامۆستایانی ئاینی و زانایانی سەرجەم ئاینەكان كرد و تیایدا سوپاسی پشتیوانیان دەكات و دەڵێت" بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە ڕۆژی هەینی (موسڵمانان و باوەڕداران)تان لێ پیرۆز دەكەین".

 

له‌ په‌یامه‌كه‌یدا پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەکردووە" لەبەرامبەر پشتیوانیی‌و بەشداریی كارایانەتان لە بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنادا، سوپاس‌و ستایش‌و پێزانینی خەڵك‌و خۆمانتان پێشكەش دەكەین، پابەندیی ‌و خۆڕاگریی ‌و خۆپارێزیی ئێوەی پێشەوایانی مزگەوت ‌و مینبەر و میحراب‌ و كڵێساو پەرستگاكان، وتار و ئامۆژگاریی ‌و ڕێنمایی‌ و ڕێبەرییەكانتان بۆ هاونیشتمانانی كوردستان‌ و ئاگاداركردنەوەی خەڵك لە مەترسییەكانی ئەم پەتایە، ڕۆڵێكی دیارو شایستەی بینی لەو ئەنجامە سەركەوتووانەی كە بە پشتیوانیی خودای مەزن‌و پابەندیی هاوڵاتیان و بەشداریی كارایانەی ئێوەی بەڕێزو ئیرادە و كار و هیممەتی دامودەزگا نیشتمانیی‌و دەوڵەتییەكان بەدەست هاتوون".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا، د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر داوای لە هەموو دەزگاو كەناڵەكانی ڕاگەیاندن‌ و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كردوه‌ كە ئەوانیش وەك بەشێكی كاریگەری دامەزراوە نیشتمانییەكان ڕۆڵی شایەنانەی خۆیانیان بینیوە، دەرفەت‌ و كات ‌و بەرنامەی پێویست بۆ زانا ئایینییەكانمان بڕەخسێنن بۆئەوەی هەموو بەیەكەوە بتوانن كاروانی تەندروستیی بە سەركەوتن بگەیەنین.

له‌ كۆتایی په‌یامه‌كه‌شیدا ده‌ڵێت" سوپاس كە لە هەموو بەرنامە و هەوڵ ‌و هەنگاوێكدا لەگەڵماندابون، سوپاس كە لە بانگی مینبەری مزگەوت‌و زەنگی كڵێساو ناوەندە ئایینییەكانی ترەوە بەشداربوون لە ئاگاداركردنەوەی خەڵك بۆ پابەندبوون بە ڕاگرتنی هاتووچۆو تێكەڵاونەبوون‌ و خۆپارێزیی و تاكپارێزیی".

 


PM:02:01:10/04/2020