حوکمی لە سێدارەدانی مستەفا سەلیمی لە بەندیخانەی سەقز جێبەجێ کرا

لە ڕاگەیەندراوێکدا رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند"حوکمی لە سێدارەدانی بەندکراوێکی خەڵکی سەقز کە لە کاتی ڕاپەرینی بەندیخانەی سەقز لە بەندیخانە هەڵهاتبوو و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کرا".

 

رێكخراوى هەنگاو بۆ مافى مرۆڤ كه‌ ماوه‌ى چه‌ندین ساڵه‌ چاودێرى ره‌وشى مافى مرۆڤ له‌ خۆرهه‌ڵاتى كوردستان ده‌كات، له‌ راپۆرتێكیدا ئاماژەی بەوەکردووە" بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ١١ی نیسانی ٢٠٢٠ سزای لە سێدارەدان بۆ (مستەفا سەلیمی)، بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە چووە بواری جێبەجێ کردنەوە".

 

ڕاشیگەیاندووە" مستەفا سەلیمی لەلایەن دادگای شۆڕشی سەقز بە سەرۆکایەتی دادوەر (گەودینی) بە تۆمەتی (دزی چەکدارانە و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران) حوکمی ١٥ ساڵ بەندکران و سێدارەی بە سەردا سەپا و ئەو حوکمە لە لایەن لقی ٣١ی دیوانی بەرزی وڵاتی ئێرانەوە وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە".

 

ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی ٢٧ی ئازاری‌ ٢٠٢٠، زیاتر لە ٧٠ بەندکراو لە گرتوخانەی سەقز توانیان هەڵبێن و دوای ١٠ رۆژ راگەیەنرا کە مستەفا سەلیمی دەستگیرکراوەتەوە كه‌ سزای زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو، یەکێک بووە لەو زیندانیانەی لە ماوەی رابردوودا توانیوبوویان لە زیندانی سەقز هەڵبێن و ئەو بەندکراوە روویکردبوە هەرێمی کوردستان، بەڵام دواتر لە پێنجوێن دەستگیركرا و رادەستی هێزە ئەمنیەکانی ئێران کرابوەوە.

 

ئەمەش لەکاتێدایە، دوێنێ شەممە ١٠ی نیسانی ٢٠٢٠ ماڵپەڕی "سپی" لەزاری عەلی جەوانمەردی، ڕۆژنامەنووسی ناسراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ئێستادا لە ئەوروپا دەژی بڵاویکردەوەو ئەو ڕۆژنامەنووسە، داوای روونکردنەوەی لە ئاسایشی پێنجوێن و یەکێتی کرد  کە زیندانێکی سیاسی هەڵهاتووی بەندیخانەی سەقز هاتۆتە دیوی باشوری کوردستان و ئاسایشی پێنجوێن رادەستی ئێرانییان کردۆتەوە.

 
 
 


AM:09:53:11/04/2020