دیزاینەرێکی گەورەی عێراقی کۆچی دوایی کرد

دیزاینەر و ئەندازیاری هەرە بەناوبانگی عێراق، رەفعەت چادرچی لەشاری لەندەن لەتەمەنی 94 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

 


ناوبراو لە خێزانێكی سیاسی بەناوبانگە، لە 1954 ئەندازەی لە هامسمیرثی بەریتانیا خوێندووە، جگە لە دیزاینی بینای پەرلەمانی عێراق، خاوەن دیزاینی كۆمەڵێكیتر تەلاریتری بەناوبانگی بەغدایە  لەوانە (  مۆنۆمێنتی سەربازی ون ).

 

]دوا كاری بەناوبانگی رەفعەت چادرچی، دیزاینی پێنجەمین ئاڵای كۆماری عێراقە كە لە 26 نیسانی 2004 ئەنجومەنی حوكمی كاتیی لەناو30  دیزایندا پەسەندی كرد، بەڵام بەهۆی مشتومڕ و هەڵچوونە سیاسی و ئایدۆلۆژییەكانەوە نەچووە بواری جێبەجێكردن. بیرۆكەی ئەم ئاڵا پێشنیاركراوە لە مێژووی شارستانیەتی عێراق وەرگیراوە كە بریتییە لە: باكگراوەندی سپی وەك هێمای ئاشتی، مانگ وەك سیمبولێكی شارستانیەتی ئیسلامی، دوو هیڵی شین كە گوزارتن لەدیجلەو فورات و هێڵێكی زەرد كە رەنگی خۆرەو خواوەندی شارستانیەتە كۆنەكانی عێراق و بەشێكە لە پێكهێنەرەكانی ئاڵای كوردستان.


چادرچی وا ناسراوە کە کەسێکی لادینی بووە و یاخی بوو لەداب و نەرێت و بەندو باوەكانی كۆمەڵگا، هاوژینەكەی بەلقیس شەرارە كە ئەدیب بوو، بەپێی مەراسیمی ئاینی مارەنەكردووە بۆ ئەوەی خۆی بەدوور بگرێت لەوەی پێیان بوترێت ژن و مێرد، هەمیشەش دەیوت هەردووكمان ئازادین و بڕیارمان داوە پێكەوە بژین.


ئەو دیزاینەرە گەورەیە لەگەڵ مناڵ خستنەوە نەبوو، باسی لەوە دەكرد زەوی بەرگەی لەمە زیاتر وەچە خستنەوە ناگرێت، خۆی و هاوژینی مناڵیان نەدەخستەوەو كارە ئەندازەییەكانی بە مناڵی خۆی دەزانی، كاتێك عێراق گەیشە 30 ملیۆن دەیوت بۆ ئەم وڵاتە 4 ملیۆن سەر و زیادە، لەوە زیاتر ئەبێ خەڵك لەهەژاری و كولەمەرگیدا بژین و زیادبوونێكی بایەلۆجی نا عەقڵانییە.

بەر لەمردنی وەسێتی كردبوو تەرمەکەی بسوتێنرێت بۆ ئەوەی "زەوی پیس نەكات". لەگەڵ ئەمانەشدا چادرچی رێزی زۆری لەهەموو ئاینەكان دەگرت و جگە لەكاری ئەندازە و دیزاین تیۆریزەی بۆ بۆچوونەكانی نەدەكرد و پێوەی دیار نەبوو.


هاوكات لەگەڵ مردنەكەی هەندێ چالاك و ئەكادیمیستی عێراقی داوای گەڕانەوە بۆ بیرۆكە و دیزاینی ئاڵاكەی دەكەن كە هێمایە بۆ دەوڵەتێكی شارستانی و بێوەی لەوڵاتێكدا كە شەڕ و ململانێ ئەنجڕ ئەنجڕی كردووە.



PM:02:16:11/04/2020