پژاک کەسانێکی ناو ئاسایشی پێنجوێن بەرادەستکردنی مستەفای سەلیمی تۆمەتبار دەکات

پارتی ژیانی ئازاد ( پژاک ) کە چەندان گەرێلایان لەسەر سنوری ناوچەکانی پێنجوێن هەیە، کەسانێکی ناو ئاسایشی پێنجوێنی حکومەتی هەرێم بەرادەستکردنی ( مستەفای سەلیمی ) تۆمەتبار دەکات.

 
لە راگەیاندنی هەڵوێستی خۆی لەسەر رادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی و لە سێدارەدانی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، پژاک لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت"
سزای لەسێدارەدان بەگشتی و بە تایبەت لەسێدارەدانی موستەفا سەلیمی هاووڵاتی خەڵکی شاری سەقز، کە لە رۆژی ٢٢ی خاکەلێوە، لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانەوە جێبەجێ کرا بە توندی شەرمەزار دەکەین. هاوکات سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و دۆستانی دەکەین".

 
هەروەها لەو راگەیاندنەی پژاکدا هاتووە " هاووڵاتی موستەفا سەلیمی بە هەر هۆکارێک لە زیندانی رژێمی ئیسلامیدا بووبێت، لەسێدارەدانی جارێکیتر رووی نامرۆڤانە و دژە کوردی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران نیشان دەدات. رژێمی ئیسلامی ئێران بۆ خۆی سەرچاوەی تاوانی مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییە. هاوکات رژێمێکی داگیرکەرە بەسەر کوردستانەوە". 
 
لە درێژەی راگەیەندنەکدا هاتووە "وێڕای ئەو کردەوە دزێوەی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران، بابەتی ئێعدامی ئەم هاووڵاتیە رەهەندێ دڵتەزێنی بە خۆیەوە گرت، ئەویش دوای ئەوەی لە زیندانی سەقز هەڵات بۆ ئەوەی گیانی خۆی رزگار بکات، وادیارە لە لایەن کەسانێکەوە لە ئاسایشی پێنجوێنی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بە شێوازێکی نامرۆڤانە هەڵس و کەوتی لە گەڵ کراوە".

 
باس لەوەش دەکەن "لە دەستپێکردنی ئەم بابەت و روداوە دڵتەزێنە تا ئێستا ئێمە وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان چاودێڕی بابەتەکەمان کردووە و بەدوای بەرچاوڕوونی بووین. هەرچەند کە سیاسەتی لە سێدارەدان بابەتێک نییە کە لەسەر شەرمەزارکردنی چاوەڕوان بکرێت، بەڵام بۆ رەهەندی دوومی بابەتەکە، واتە مژاری رادەستکردنەوەی پێویست بە بەرچاوڕوونی زیاتر هەبوو".

 
پژاک باس لە رووداوی لەم شێوەیە دەکات لە مێژووی حیزبی کوردیداو دەڵێت " هەرچەند پێشتریش لە نێو مێژووی کوردا رووداوی هاوچەشن روویانداوە و بەردەوام شەرمەزار کراون و وەک پەڵەی رەشی خیانەت چاوی لێکراوە، کاتێک رۆژی ئەوڕۆ دووپات دەبێتەوە، هەموو ئەو برینە پێشویانەمان دەکولێنێتەوە. ئەم کردەوە هەم لەبواری مرۆڤایەتیدا، هەم لەبواری نەتەوایەتیدا تاوانە و تاوانێکی بچوک و ئاسایی نییە کە هەم وەک مرۆڤ، هەم وەک کورد مایەی قبووڵ کردن بێت".

 
پارتی ژیانی ئازاد داوای روونکردنەوە لەلایەنی پەیوەندیدار دەکات و دەڵێت " کاردانەوەی بەرفراوانی گەلەکەمان لەم رووداوەدا نیشانی دا کە ئیدی هاوکاری لە گەڵ داگیرکەران و خەیانەت وەک پێشتر قەبووڵ ناکرێت و هەر کەس و لایەنێک پێویستە بە سەر کرداری خۆیدا بچێتەوە".




PM:03:22:13/04/2020