پەرلەمانتارێکی ناڕازی کورد لەسەر مووچەو پشکی هەرێم لەبەغدا گەشبینە

پەرلەمانتاری ناڕازی گۆڕان، د. غالب محەمەد لەسەر دابەزینی نرخی نەوت، دەڵێت " کاریگەری زۆری بۆ سەر عێراق نییە" هەروەها دەشڵێت " داهاتی هەرێم و عیراق كەم دەكات بەڵام موچە لە كاتی خۆی دەدرێت لە عیراق و بەشی هەرێمیش لە كاتی خۆی دەگات".

د. غالب محەمەد لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە پۆستێکدا بەناونیشانی " چەند سەرنجێك لە سەر دابەزینی نرخی نەوت و رێكەوتنی ئۆپیك"،  نووسیوویەتی " بە پێی رێكەوتنەكە عیراق دەبێت (١،٠٦٠،٠٠٠) یەک ملیۆن و شەست ھەزار بەرمیل كەم بكات كە ئەمە لەسەر بەرهەم هێنانی ٢٠١١ كراوە كە عیراق رۆژانە(٤،٦٥٣،٠٠٠) بەرمیل بوە ، دوای ئەویش بەشێك لەو نەوتە لە ناوخۆ بەكار دەهێنێت بۆ مەبەستی كارەبا و پاڵاوتن. و گۆڕینەوەی بە غاز و پێدانی (١٥) هەزار بەرمیل بە ئوردن و (١٠٠) هەزار بەرمیل بە وڵاتی چین، ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ فرۆشتن (١،٧٠٠،٠٠٠) بەرمیلە لە گەڵ ئەوەی هەرێمیش، كەواتا دەبێت هەرێم و عیراق رێک بکەون لەسەر هەناردن و كەم كردنەوەی خەرجی كۆمپانیاكانی دەرهێنانی نەوت و سود وەرگرتن لە غازی سروشتی بۆ كارەبا، داهاتی هەرێم و عیراق كەم دەكات بەڵام موچە لە كاتی خۆی دەدرێت لە عیراق و بەشی هەرێمیش لە كاتی خۆی دەگات ".

هەروەها نووسیوویەتی" ئەمڕۆ نرخی نەوت زۆر دابەزیوە، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین بەم نرخە بەردەوام نابێت چونكە لە یەكی مانگی ئایار دەست دەكرێت بە جێبەجێكردنی رێكەوتنی ئۆپیك كە دەبێت زیاتر لە ١٥ ملیۆن بەرمیل دابەزێت لە لایەن ئۆپیك پڵەس و جی بیست، كە ئەمەش دەبێتە هۆكاری بەرزبونەوەی نەوت چونكە بەو نرخە بەردەوام بێت وڵاتان دەست دەكەن بە وەستاندنی بەرهەمهێنانی نەوت چونكە زەرەرمەند دەبن".

د. غالب محەمەد کە هەمیشە ناڕازییە لە سیاسەتی نەوتی و دارایی هەرێم، لە درێژەی نووسینەکەیدا دەشڵێت " فرۆشتنی نەوتی عیراق رێژەكەی دیاری دەكرێت لە سەر نەوتی برێنت كە ئەمڕۆ بە (٢٦) دولار فرۆشراوە، ئێمە لە عیراق دەكرێت ئەمرۆ نەوتمان فرۆشتبێت بە نزیكەی (٢١) دولار ، بۆ نمونە لە ١٨ی مانگ نەوتمان فرۆشتوە بە(١٥،٧٦) لە بەر ئەوەی نەوتی برێنت بە (٢٠) دولار بوە ، كەواتا ھەرزانی و گرانی نەوتی تر كاریگەری لە سەر نەوتی عیراق نابێت".

 


PM:09:53:20/04/2020