پەیامی سەرۆکی حکومەت هێج ئاماژەیەکی بۆ ئازادی رۆژنامەگەری تێدا نییە

پەیامی مەسرور بارزانی بەبۆنەی یادئ ١٢٢ ساڵەی رۆژنامەگەری کوردیەوە، هیچ پەیامێکی بۆ بەرگریکردن لە ئازادی رۆژنامەگەری تێدانییە، لەسەر ئازادی بیروڕاش تا رۆژنامەنووس هێمن مامەند نزیکەی مانگێکە لە زیندانە.

لەو پەیامەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت " بەبۆنەی ( 122) مین ساڵرۆژی رۆژنامەگەریی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی رۆژنامەی ( کوردستان ) ، گەرمترین پیرۆزبایی لە رۆژنامەنووسان و راگەیاندنکارانی کوردستان دەکەم. هەروەها (22) مین ساڵڕۆژی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە رۆژنامەنووسانی  هەرێمی کوردستان پیرۆز دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم".

هەروەها لەو پەیامەی مەسرور بارزانیدا هاتووە" لەم دەرفەتەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی دەزگاکانی راگەیاندنی هەرێمی کوردستان بکەم کە لە جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و بڵاوکردنەوەی رێنماییە تەندروستییەکان رۆڵێکی گرنگیان هەبوو".

لەکۆتاییدا هاتووە "رێز و پێزانین بۆ رووناکبیران و پێشەنگانی رۆژنامەگەریی کوردستان و ئەو رۆژنامەنووسانەی لە پێناو گەیاندنی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستاندا خزمەتیان کرد و گیانی خۆیان بەخت کرد".

 رۆژنامەنووسانی هەرێم لە کاتێکدا یادی ١٢٢ ساڵەی دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردی دەکەنەوە، چارەنووسی یاسایی هەریەک لەرۆژنامەنووسانی تیرۆرکراو: سۆران مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی، وەدات حسێن، عەبدول ستار تاهیر شەریف، بە نادیاری ماوەتەوە، هەروەها یاسایی کاری رۆژنامەگەری ٣٥ ی ساڵی ٢٠٠٧ ی پەرلەمانی کوردستان بەتەواوی جێبەجێناکرێت و ، یاسای پێدانی زانیاری تۆزی لەسەر نیشتووەو نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، هاوکات رۆژنامەنووسان بەیاسای پەیوەندیەکان لەبری یاسایی رۆژنامەنووسی دادگایی دەکرێن، ماوەی مانگێکیشە رۆژنامەنووس هێمن مامەند لەهەولێر دەستبەسەرە.

 


PM:08:22:21/04/2020