قوباد تاڵەبانی:رەوانییە رۆژنامەنووسی کورد قوربانی رژێمە ستەمکارەکان بوو، لەسەردەمی حوکمڕانی خۆماڵیشدا مافیان پێشێل بکرێت

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، قوباد تاڵەبانی لە ١٢٢ ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردیدا دەڵێت " ناكرێ و ناشێت و ڕەوا نییە ڕۆژنامەنووسی کورد لە رابردوودا لەسەر ئازادی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین لەلایەن ڕژێمە ستەمکارەکانەوە بووبێتە قوربانی، لەسەردەمی حوكمڕانی خۆماڵی كوردیشدا لەلایەن خۆمانەوە  مافەکانیان پێشێل بکرێت. ئەمە نیشانەی پرسیاری زۆرمان لەسەر دادەنێت و دژیەكییە".

 
لە پەیامێکدا بە بۆنەی تێپەڕبوونی ١٢٢ ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردیدا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت لە پەیامێکدا دەڵێت" بۆیە ناكرێ و ناشێت و ڕەوا نییە ڕۆژنامەنووسی کورد لە رابردوودا لەسەر ئازادی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین لەلایەن ڕژێمە ستەمکارەکانەوە بووبێتە قوربانی، لەسەردەمی حوكمڕانی خۆماڵی كوردیشدا لەلایەن خۆمانەوە  مافەکانیان پێشێل بکرێت. ئەمە نیشانەی پرسیاری زۆرمان لەسەر دادەنێت و دژیەكییە".


دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت..
قوباد تاڵە‌بانی جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران، بە‌بۆنە‌ی یادی ١٢٢ ساڵە‌ی رۆژنامە‌گە‌ری كوردی، پە‌یامێكی بڵاو كردە‌وە‌، ئە‌مە‌ش دە‌قە‌كە‌یە‌تی:


لە 22 نیسانی ئەم ساڵ (2020) یادی 122 ساڵەی رۆژنامەگەریی كوردی دەكەینەوە، ئەم بۆنەیە بۆ ئێمەی كورد وێستگەیەكی زۆر گرنگی مێژوییە، گەشانەوەی ئەستێرەی كوردستانە لەسەر نەخشەی رۆشنبیری و میدیا و چاپەمەنی لە دۆخێكی ئاڵۆسكاوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.


بەدرێژایی 100 ساڵی رابردوو رۆژنامەگەریی بۆ ئێمە زۆر زیاتر بووە لە هۆكارێكی راگەیاندن، چونكە زیاتر سەنگەرێك بووە بۆ پاراستنی زمان، كولتور و شوناسی نەتەوەییمان. لەكاتێكدا گەلی ئێمە بە سیاسەت و عەسكەرتارییەت لەلایەن رژێمە سەردەستەكانەوە قەڵاچۆ ئەكرا و هەوڵی لەناوبردنی دەدرا، رۆژنامەكان هۆكارێك بوون بۆ كۆكردنەوەی قەڵەمەكانی كورد و سەكۆی ئەدەبی و دوانگەی دەربڕینی بیروڕا بوون. 


 ئەم گرنگییەی رۆژنامەگەری و ئەو پێگە گرنگەی لە مێژووی كورددا هەیبووە دەمانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی ئەوەی هەمیشە بەڕێزەوە مامەڵە بکەین لەگەڵ رۆژنامەوان و خاوەن بیروبۆچوونە جیاوازەکان.


زۆرێک لە پێشینانی روناكبیری ئێمە لە تاراوگە و ئاوارەییەوە لەڕێی ڕۆژنامەوە  دەنگی خۆیان بە گەلەکەیان گەیاندووە، زۆرێکیشیان لەسەر کاری ڕۆژنامەنووسی تووشی گرتن و زیندان بوون یان شەهید بوون، لە ئێستاشدا ئەوان جێگەی شانازی و ستایشی هەموومانن و ساڵانە یادیان دەكەینەوە، بۆیە ناكرێ و ناشێت و ڕەوا نییە ڕۆژنامەنووسی کورد لە رابردوودا لەسەر ئازادی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین لەلایەن ڕژێمە ستەمکارەکانەوە بووبێتە قوربانی، لەسەردەمی حوكمڕانی خۆماڵی كوردیشدا لەلایەن خۆمانەوە  مافەکانیان پێشێل بکرێت. ئەمە نیشانەی پرسیاری زۆرمان لەسەر دادەنێت و دژیەكییە.


ئەگەر لە سەردەمی بەرگری و شۆڕشدا ڕۆژنامەگەری و ڕۆژنامەنووسان شانبەشانی پێشمەرگە و خەباتی چەکدارانە ڕۆڵی گەورەیان بینی لە پاراستنی گەلەکەماندا، ئەوا لە  سەردەمی دیجیتاڵ میدیادا و کۆرۆنادا رۆژنامەگەری ڕۆڵێکی گەورەی بینی. رۆژنامەنووسەكان شان بە شانی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و هێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگە و ناوخۆ رۆڵیان بینی لە هوشیاكردنەوەی خەڵك، لە گەیاندنی زانیاری و وێنە و دەنگ و رەنگ بە ماڵەكان.. بەوانەی لەبەر خۆپارێزی میدیا تاقە سەرچاوەیان بووە بۆ تێگەیشتن و پەیوەست بوون بە جیهان، لەمەشدا جارێكیتر میدیا و رۆژنامەگەریی خزمەتی گەورەیان كرد بە كوردستان.
چ لەم یادە و چ لە هەموو كات و ساتێكیتردا رۆژنامەنووسان ئاوێنەی كۆمەڵگان، سەرباری هەموو كەم و كوڕیی و حاڵەتە هەڵاواردەكانیش لە سەرپێچی و پێشێلكاری كە یاسا رێوشوێنی تایبەتی بۆ داناوە، ئەوان هەر بە پێشەنگ دەمێننەوە لە رۆشنبیركردن و هوشیاركردنەوەی كۆمەڵگا و ئێمە پێویستمان بەوانە وەك دەسەڵاتی چوارەم و وەك چاودێرێكی خورت. ئەمەش دروستی بۆچوونەكەی تۆماس جیفرسۆن لە دامەزرێنەرانی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەسەلمێنێت كە رۆژنامەگەریی هاوتا كردووە لەگەڵ دەوڵەتداریی. 


لەم یادەدا درود بۆ گیانی بەرزی میقداد بەگ مەدەحەت بەگی بەدرخان، بۆ ئەدیب و نوسەران و رۆژنامەنووسە رەوانشادەكانی كورد لە سەرانسەری دنیا و هیوای تەندروستی و پیشەیی بوونی زیاتریش بۆ ئەوانەی ئێستا بەردەوامن لە کاری ڕۆژنامەگەری و رۆژانە دەبنە میوانی شاشە و مۆبایل و روپەڕی چاپەمەنییەكانمان.


قوباد  تاڵە‌بانی
جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران

 


AM:10:35:22/04/2020